کوردستان

ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك كۆده‌بێته‌وه‌

22/08/2024

ده‌نگوباس:

ڕۆژی شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوەو بەرەی تورکمانی دەڵێت:"بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەین".


به‌گوێره‌ى زانیارییەکان بڕیارە لەسەر داوای سەرۆکی نوێ، رۆژی شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بانگهێشتنامە بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن نێردراوە.

لای خۆیەوە بەرەی تورکمانی ڕەتیدەکاتەوە بەشداریی کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی ئەنجومه‌نی پارێزگای کەرکووک بکات.

بەرەی تورکمانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە؛ تا دەسەڵاتی دادەوەری چارەنووسی حکوومەتی نوێی خۆجێیی کەرکووک یەکلایی نەکاتەوە، نە بەشداریی کۆبوونەوە دەکەن نە پۆستەکانیشیان لەحکوومەتی خۆجێی وەردەرگرن.

شەوی شەممە 10ی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی‌و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبەغدا، پارێزگارو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران، ڕێبوار تەها بەپارێزگارو محەممەد حافزیش بەسەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێشئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی‌و هاوپەیمانیی عەرەبی لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیانکردەوە، بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت‌و بە"نایاسایی" ناویان بردو جەختیانکردەوە، لەکاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.

سێشەممە 20ی ئابی 2024 بەرەی تورکمانی عێراقی، لەبارەی دانانی پارێزگاری کەرکووک‌و بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەی بەوەدا، لەدانیشتنەکەی هۆتێلی ڕەشێد لەبەغدا بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک پێشێلکاریی یاسایی هەبوو، بەهۆی ئەوەی دانیشتنەکە بەبێ بەتەمترین سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەندامانیش بە فەرمی ئاگادار نەکرابوونەوە کە کۆبوونەوە دەکرێت.

ئەوەشی ئاشکراکرد، مەرسوومی کۆماری بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک، خێراترین مەرسومی کۆمارییە لەمێژووی پڕۆسەی سیاسیدا، هەروەها ڕێز لەبڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرن، بەڵام سەرچاوەی دۆسیەکەش پێشێلکاری یاسایی ڕوونی تێدایە، بەرەی تورکمانی جەخت لەوەشدەکاتەوە، لەداواکردنی مافەکانیان پاشەکشە ناکەن.


#باشووری کوردستان