کوردستان

توركیا ده‌ڵێت: هیچ ڕێكه‌وتنێكمان نه‌كردووه‌ بۆ كشانه‌وه‌مان له‌عێراق

22/08/2024

ده‌نگوباس:

ناوەندێكی توركیا رەتیدەكاتەوە، بەغداو ئەنكەرە ڕێككەوتنیان كردبێت بۆ كشانەوەی هێزەكانی توركیا، دەشڵێت، "هەردوولا دوو ناوەندی هەماهەنگیی سەربازیی لەبەغداو شارەدێی باشیک لەپارێزگای نەینەوا دادەمەزرێنن".


ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی هەڵە لەبەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی تورکیا لەڕاگەیەنراوێکدا ڕەتیکردەوە، تورکیا هیچ رێککەوتنێکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەعێراق کردبێت.

پێگەی تورکیا تودەی، ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوی ناوەندە تورکییەکەی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا هاتووە، هەموو ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەک بڵاویانکردووەتەوە لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان ئەنكەرەو بەغدا بۆ کشانەوەی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراق، دوورن لەڕاستییەوە.

ناوەندەکە باسی لەوەشکردووە، ڕێککەوتنی نێوان عێراق‌و تورکیا بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگیی ئاسایشییە لەبەغدا، لەگەڵ دامەزراندنی ناوەندێکی ڕاهێنان‌و هەماهەنگی لەباشیک.

ئاشکراشیکردووە، کردنەوەی ئەو دوو ناوەندە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان‌و پاراستنی ئاسایش‌و ئارامیی ناوچەکەو سەروەریی خاکی هەردوو وڵاتە، وەکو لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.


#باشووری کوردستان