کوردستان

مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كرێت

21/08/2024

ده‌نگوباس:
 
سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌مشێوه‌یه‌ بڕوات‌و حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ك ئێستا به‌رده‌وامبێت، دادگاى باڵاى فیدراڵى بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یه‌كجاریى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌دات"، ده‌شڵێت:"ئه‌مڕۆ 53 ڕۆژ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌گه‌رێكى زۆریش هه‌یه‌ زیاتر درێژه‌ بكێشێ".


د.شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیونی یەکگرتوو لەخولى پێنجه‌مى پەرلەمانی کوردستان له‌دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، "وه‌زیرى دارایی له‌ڕووى نایات ناوى خۆى بخاته‌سه‌ر به‌ننامه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى، چونكه‌ ده‌زانێت چ ماڵێكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌".

ده‌شڵێت:"ئه‌م حوكمڕانی‌و ئه‌م وه‌زاره‌تى داراییه‌، نازانین ناوى چى لێ بنێین، میلله‌تیان تووشى نه‌خۆشى ده‌روونى‌و هه‌زار ده‌رد كرد، نه‌ك هه‌ر به‌زه‌ییان به‌میلله‌تا نایاته‌وه‌، به‌ڵكو بێ ئابڕووانه‌ش دێن به‌یاننامه‌ ده‌رده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێن خه‌تاى ئێمه‌ نییه‌ خه‌تاى حكومه‌تى عێراقه‌، قسه‌كانى ئه‌م حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تى داراییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، ئه‌م میلله‌ته‌ كه‌سى تیا نه‌بێت شاره‌زابێت كه‌ ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ به‌چ ئاقارێك ده‌كه‌ن‌و ده‌یبه‌ن، بۆیه‌ ده‌ڵێم بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ئابڕوى ده‌سه‌ڵاتدارێتیان له‌هه‌رێمى كوردستاندا بردووه‌".

د.شێركۆ باس له‌وه‌شده‌كات، "بڕۆن بزانن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى چییان پێده‌ڵێن، بزانن وڵاتانى زلهێز چییان پێ ده‌ڵێن، تائێستا هێزى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و هێزه‌كانى دیكه‌ى ئه‌منیان یه‌كنه‌خستووه‌، پێم سه‌یره‌ به‌مجۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قوتى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ن، باشه‌ بۆ ئاوا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن؟ به‌س له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌رپرسى ئه‌م هێزانه‌ به‌فه‌رده‌ پاره‌یان بۆ بچێته‌ ماڵه‌وه‌، له‌به‌ر خاترى ئه‌و به‌رپرسانه‌ ئاوا له‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ ده‌كه‌ن؟".

له‌چاڵێنجێكیشدا بۆ به‌رپرسانى باڵاى حكومه‌ت، د.شێركۆ جه‌وده‌ت ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ن‌و په‌رێزتان پاكه‌، من داواتان لێده‌كه‌م له‌هه‌ر كوێیه‌ك ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت‌و مه‌به‌ستتانه‌ ڕووبه‌ڕووتان ده‌بینه‌وه‌و با كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستانیش زانیارییان ده‌ستبكه‌وێ ئاخۆ له‌چ شوێنێكه‌ ئه‌م هه‌موو كێشانه‌ى ڕوو ده‌ده‌ن‌و ده‌بنه‌ هۆكارى نه‌هاتنى مووچه‌كانیان، ئه‌مڕۆ 53 ڕۆژ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌گه‌رێكى زۆریش هه‌یه‌ زیاتر درێژه‌ بكێشێ".

مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ هه‌یه‌ به‌وه‌ى ئه‌گه‌ربێت‌و حكومه‌تى هه‌رێم داهاتى نه‌وتى ڕاده‌ستى به‌غدا نه‌كات‌و داهاتى نانه‌وتى‌و ئه‌وانى دیكه‌ش نه‌دات، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ دادگاى باڵاى فیدراڵى بڕیارێكى دیكه‌ له‌دژى هه‌رێمى كوردستان بدات‌و حكومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌وكاتیش كار له‌كار ده‌ترازێت‌و ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ده‌ست ده‌چێت".

ئه‌وه‌شى گێڕایه‌وه‌، "ئێمه‌ زانیارییه‌كمان پێگه‌یشت، له‌چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا به‌غدا بڕیاریدابوو لیژنه‌یه‌ك بنێرێته‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان‌و ورده‌كاریی به‌قاچاخبردنى نه‌وت بزانێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى هه‌ردوولا شۆفێرى تانكه‌ره‌كانیان ئاگاداركردبوه‌وه‌ هه‌رچى زووه‌ بڵاوه‌ى لێ بكه‌ن‌و به‌گونده‌كانى نزیك ده‌روازه‌ سنوورییه‌كاندا بڵاوه‌بكه‌ن‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یه‌نه‌ سه‌ر ڕێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كان‌و خۆتان بشارنه‌وه‌".


#باشووری کوردستان