کوردستان

گرتووخانه‌یه‌كى فیدراڵى له‌سنوورى سلێمانى له‌ڕێگه‌ى ده‌نگوباسه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

21/08/2024

ده‌نگوباس:

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌ند گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیى گوایه‌ گیراوانى نێو گرتووخانه‌كه‌ مۆبایل به‌كارده‌هێنن، گرتووخانه‌ى سووسێى فیدراڵ له‌ڕێگه‌ى ده‌نگوباسه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچكام له‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ى گرتووخانه‌ى سوسێ نین‌و ناوهێنانى ئێمه‌ش، بۆ لێدان‌و له‌كه‌داركردنمانه‌".


ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ژماره‌یه‌ك له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ عێراقیى‌و كوردییه‌كان چه‌ند گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیی بڵاوبووه‌ته‌وه‌ گوایه‌ گیراوانى نێو گرتووخانه‌ى سوسێى فیدراڵ مۆبایلیان پێیه‌و جۆرێك له‌په‌رش‌و بڵاوى له‌نێو گرتووخانه‌كه‌دا ده‌بینرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌كه‌رێك به‌ناوى گرتووخانه‌ى سوسێى فیدراڵه‌وه‌ كه‌ داوایكرد ناوى ئاشكرانه‌كرێت‌و ده‌نگه‌كه‌ى لاى ده‌نگوباس پارێزراوه‌ ڕایگه‌یاند، "هیچكام له‌و گرتانه‌ى بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، گرتووخانه‌ى سوسێى فیدراڵ نیین".

وتیشى:"هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ى ڕۆژێك هاتبنه‌ گرتووخانه‌كه‌ى ئێمه‌، ده‌زانن سه‌قفى گرتووخانه‌ى سوسێى فیدراڵ سه‌ندویچ پانه‌ڵ نییه‌، هه‌موو ئه‌و گرتانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ سه‌ندویچ پانه‌ڵن، دواتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كارهێنانى مۆبایل لاى ئێمه‌ نه‌ك به‌و شێوه‌ ئاشكرایه‌ش، به‌ڵكو به‌نهێنیش حاڵه‌تى له‌و شێوه‌یه‌ ڕووینه‌داوه‌".

ئه‌وه‌شى وت:"ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه‌ زانیارییمان هه‌بێت، ته‌واوى ئه‌و گرتانه‌ى بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، گرتووخانه‌ى (تاجى)یه‌ له‌باكوورى پارێزگاى به‌غدا".

قسه‌كه‌ره‌كه‌ى گرتووخانه‌ى سوسێى فیدراڵ جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئه‌وه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ گرتووخانه‌كه‌ى ئێمه‌یه‌، هه‌وڵێكه‌ بۆ لێدانمان‌و ناشیرینكردنمان، چونكه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوودا، گرتووخانه‌ى سوسێى فیدراڵ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان ناحیه‌ى پیره‌مه‌گرون‌و قه‌زاى دوكانى پارێزگاى سلێمانى، له‌ڕیزبه‌ندیى باشترین گرتووخانه‌كاندایه‌ له‌ڕووى جێبه‌جێكردن‌و ڕه‌چاوكردنى مافه‌كانى مرۆڤ‌و پاراستنى مافى گیراوانه‌وه‌".


#سلێمانی