دهنگوباس:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم جەختدەکاتەوە، بەرپرسیارێتی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە، مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچە بنێرێتو بەبڕیاری دادگا نابێت مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییی فیدڕاڵەوە دەکرێت، مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمو پێویستە بەزووترینکات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دواى كۆبوونهوهكهش ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردهوه.
ئاماژه بهوهكراوه، دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ و هەرێم، بۆ سێ مانگی یەکەمی 2024، لەبارەی داهات و خەرجی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفیی یەکگرتوو، لەلایەن فەریق سلێمان، سەرپەرشتی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم و هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و سەفین غەفوور، ڕاوێژکار لە نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، خرایەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لەسەرجەم وەزارەتەکان بۆ برەودان بەهەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێمو فیدراڵ لەپێناو لابردنی هەر ئاستەنگێکی تەکنیکی لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگانەی هەرێم لەکاتی خۆیدا، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە، بەرپرسیارێتی وەزارەتی داراییی فیدراڵە، مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت کە زیاتر لە 30 ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بەسەرجەم زانیارییە داواکراوەکان ڕەوانەکراوە؛ بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجنەکراوە.
حكومهتى ههرێم دهشڵێت:"ئەمە لەکاتێکدایە کە مووچە بە بڕیاری دادگا بەدوورگیراوە لەناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت بەوپێیەی مووچە، شایستەی داراییی مووچەخۆرانەو نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت، لەهەمانکاتدا وەزارەتی دارایی هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لەبەرامبەر وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێکردووە لەناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بەگشت زانیارییەکانی تۆمارکراو لەداتابەیسی بایۆمەتریو دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهاتو خەرجییەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ لەکاتی خۆیداو هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لەداهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی داراییی فیدراڵ ناردووە".
ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردووهتهوه، "نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینیو سەرنج لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لەلایەن وەزارەتی داراییی فیدراڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێم، چونکە دڵنیاین، دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ، بەردەوام ڕاپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدراڵ پێشکەشدەکەن؛ بەڵام هیچکات پەنایان بۆ دواخستنو نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە".
بۆ ئهوهش حكومهتى ههرێم ڕایگهیاندووه، "بۆیە پێویستە بەزووترینکات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت، وەزارەتەکانیش لەنزیکەوە کار لەسەر ڕاسپاردەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی هەرێمو بەغدا دەکەن، بۆیە نابێت ڕاپۆرتەکانی چاودێریی دارایی، ببنە هۆی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".
ڕاگهیهنراوهكه ئهوهشى تێیدا ڕوونكراوهتهوه كه لەبڕگەی دووەمى كۆبوونهوهكهى ئهمڕۆى حكومهتدا، ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمو حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو تایبەت بەیەکخستنی ڕێکارو ڕێنماییە داراییەکان لەنێوان هەرێمو حکومەتی فیدراڵی لەبواری داراییی گشتیو سیستمە ژمێریارییەکان، بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندێتی دەستووریی هەرێم، لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکارییەکانی خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەماهەنگی لەگەڵ دیوانو سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، بۆ گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی بڕیارێک لەمبارەیەوە، تا لەکۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێتو بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.
ئاماژه بهوهشكراوه، بڕگەی سێیەم تایبەتبووه بەگفتوگۆکردن لەبارەی هەماهەنگی نێوان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقو سەرۆکایەتیی هەرێمو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەر ڕۆشناییی دوا کۆبوونەوەی هاوبەش، له14ى ئهم مانگهو ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوە تایبەت بەئەرکو ڕۆڵی وەزارەتەکانی هەرێم لەپێشکەشکردنی ئاسانکاریی لۆجیستی بۆ کۆمیسیۆن، لەپێناو سەرخستنی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ.
ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە.
دوا بڕگەی کۆبوونەوەكهى ئهمڕۆى حكومهت پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بووه لەلایەن کەمال موسلیم وەزیری بازرگانیو پیشەسازیی، سەبارەت بەپرۆسەی کڕینەوەو وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمو شایستە داراییەکانیانو بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران.
ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانی ڕاسپارد پێکەوە کاری پێویست بکەن بۆ بەبازاڕکردنی ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێم، کە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە وەرنەگیراوە. ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی کڕینەوەی گەنم لە لایەن کەرتی تایبەتی هەرێم کە گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەم مەبەستە، لە ئێستاشەوە پلانی پێویست دابنێن بۆ بەرهەمی ساڵی داهاتووی جووتیاران و لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی مافی جووتیارانی هەرێم و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان.
#باشووری کوردستان