رۆژهەڵاتی ناوەراست

به‌ریتانیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك.. عێراق گرێبه‌ستێكى هاوشێوه‌ى هه‌رێم ده‌كات

21/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئابووریناسێكی عێراقی ئاشكرایكردووه‌، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بواری نەوتی بۆ وەبەرهێنان لەكێڵگە نەوتییەكانی سنووری كەركووك كردووە كە هاوشێوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانە.


نەبیل مەرسوومی ئابووریناسی عێراقی لەفەیسبووكى نووسینێكی بەناونیشانی (بەریتانیا جارێكی تر دەگەڕێتەوە كەركووك) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و نووسیویه‌تى:"عێراق رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترۆلیۆم)ی بەریتانی كردووە بۆ ئەوەی كۆمپانیا بەریتانییەكە وەبەرهێنان لەكێڵگەكانی (كەركووك، بای حەسەن، خەبازو چەمەبۆر) بكات، لەچوارچێوەی كارەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور".

 ده‌شڵێت:"شێوازی گرێبەستەكە بەگوێره‌ى دابەشكردنی قازانجە كە ئەوەش ڕووی نەختینەیی‌و ڕوویەكی دیكەی ڕێككەوتنی دابەشكردنی بەرهەم یان بەشداریكردنە لەبەرهەم كە هەرێمی كوردستان لە 55 گرێبەستی نەوتیدا لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان جێبەجێیكردووە".

به‌وته‌ى مەرسوومی، ”ئەوەی سەیرە، وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوام ڕەخنەی لەگرێبەستە نەوتییەكانی كوردستان دەگرت، كەچی ئەمڕۆ خۆی هەمان گرێبەست لەكێڵگە نەوتییەكاندا دەكات، بەجۆرێك كە پشكی پوختی داهاتی كۆمپانیاكان لەهیچ بارێكدا لە 50% كەمتر نابن".

ڕێككەوتنەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیا بەریتانییەكە، لەكاتێكدایە كە زیاتر لەساڵ‌و نیوێكه‌، حكوومەتی فیدڕاڵی بەچەند پاساوێك كە یەكێك لەو پاساوانە بابەتی گرێبەستە نەوتییەكان‌و تێچووی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتە، ڕێگەنادات نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوەی وڵات بكرێت.


#نەوت