کوردستان

به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ به‌رله‌وه‌ى ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ چى ئاشكراكرد؟

20/08/2024

ده‌نگوباس:

ئه‌و پارچه‌ زه‌ویه‌ى له‌به‌كره‌جۆى سلێمانى وه‌ك دیاریه‌كى ده‌گمه‌ن، 52 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خرایه‌ گه‌ردنى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، له‌دواى 52 ساڵ حكومه‌تى هه‌رێم هه‌مان ئه‌و دیاریه‌ به‌نرخه‌ى له‌په‌روه‌رده‌ سه‌نده‌وه‌و كردیه‌ گه‌ردنى كۆمپانیایه‌كى كه‌رتى تایبه‌تى قازانج دۆست، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى سه‌ربارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى، چه‌ندین زانیاریی گرنگى ئاشكراكرد.


ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، ڕایگه‌یاند، زه‌وى ئاماده‌یى كشتوكاڵى به‌كره‌جۆ، كه‌ 182 دۆنمه‌، به‌فه‌رمانێكى نهێنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم (پارتى، یه‌كێتى‌و گۆڕان) دراوه‌ به‌وه‌به‌رهێنێك بۆ پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون.



له‌میدیاى گۆڕانه‌وه‌ دڵشاد عومه‌ر ئاشكرایكرد، واسته‌ى زۆر كراوه‌ بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پارچه‌ زه‌ویه‌و ته‌نانه‌ت باره‌گاى بارزانیشى تێكه‌وتووه‌.

دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى په‌روه‌رده‌ كه‌ به‌هۆى وه‌كو خۆى ده‌ڵێت "دزینى" ئه‌و زه‌ویه‌وه‌ ده‌ستى له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ له‌میدیاى بزوتنه‌وه‌كه‌ى "گۆڕان"ه‌وه‌ وتى:"ئه‌و پڕۆژه‌یه‌و كۆمپانیاكه‌ش هیچ ده‌ستكه‌وت‌و شانازییه‌كى بۆ شارى سلێمانى نییه‌".

ده‌شڵێت:"ئه‌و زه‌ویه‌ بوو به‌پشك‌و پشككارى له‌نێوان پارتى‌و یه‌كێتیدا، پێم سه‌یره‌ له‌میدیاوه‌ شه‌ڕیانه‌و شه‌ڕ ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ به‌نرخه‌ى به‌كره‌جۆ شه‌ریكن هه‌ردوولایان".

هه‌ر له‌دیدارێكدا كه‌ دڵشاد عومه‌ر له‌گه‌ڵ میدیاى گۆڕان ئه‌نجامیدا جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ربێت‌و تاوه‌كو ڕۆژى 20ى ئابى 2024 ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى هیچ بڕیارێك هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه‌، ناوبراویش ئه‌مڕۆ به‌فه‌رمى ده‌ستى له‌پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى كێشایه‌وه‌و به‌و هۆیه‌ى ئه‌و پۆسته‌ پشكى گۆڕانه‌ حكومه‌تى خۆجێیى سلێمانى، بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌ر زوو شوێنگره‌وه‌ى دڵشاد عومه‌رى دیاریكرد.

به‌گوێره‌ى بڕیارێكى ژماره‌ 796ى ئه‌نجومه‌نى شۆڕشى ئه‌وكاتى حكومه‌تى عێراق له‌18ى 7ى 1970، واته‌ 52 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌واژۆى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر-ى سه‌رۆكى ئه‌وكاتى عێراق ته‌رخانكراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى سوره‌ت قه‌یدى زه‌ویه‌كه‌، كه‌ میدیاى گۆڕان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ڕۆژى 25ى ئادارى 2024، 182 دۆنم زه‌ویه‌كه‌ى ئاماده‌یى كشتوكاڵى به‌كره‌جۆ له‌ناحیه‌ى به‌كره‌جۆى شارى سلێمانى، به‌واژۆى ده‌سه‌ڵاتدارانى كوردى تاپۆكراوه‌ له‌سه‌ر كۆمپانیایه‌ك بۆ مه‌به‌ستى پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون.

هه‌روه‌ك میدیاى گۆڕان باسى له‌وه‌كردووه‌، 250 ملیۆن دۆلار نرخى ئه‌و پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوونه‌یه‌و زه‌ویه‌كه‌ش تازه‌ به‌گه‌نم داچێندراوه‌.

میدیاى گۆڕان به‌زمانێكى زبرو توند ده‌ڵێت:"وا دیاره‌ دۆستانى دینارو دۆلارو خشت‌و بلۆك، دزانى له‌نه‌وته‌وه‌ بۆ جه‌وت، بۆیان ده‌چێته‌ سه‌ر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر 10 ساڵى دیكه‌، به‌لاى ئه‌و شووققه‌ داڕوخاوه‌ بێ سه‌وزاییانه‌دا ڕۆیشتن، بیرتان بێت ئه‌وه‌ دڵشاد عومه‌رى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بوو، ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌كه‌ى بوو، دژ به‌نایه‌كسانی‌و داگیركردنى موڵكى گشتیى".


#باشووری کوردستان