کوردستان

بۆ جارى دووه‌م سه‌ركه‌وت حه‌سه‌ن خانه‌نشینكرا

20/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى نووسراوێكى وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم به‌وه‌كاله‌ت، ڕاوێژكارێكى یاسایی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌، به‌پله‌ى بریكارى وه‌زاره‌ت خانه‌نشینكراوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ جارى دووه‌مه‌ بڕیارى خانه‌نشینبوونى به‌و پله‌یه‌ ده‌رده‌كرێت.


له‌و نووسراوه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كى تایبه‌ت ده‌ست ده‌نگوباس كه‌وتووه‌، ساسان عه‌ونى وه‌زیرى ناوخۆ به‌وه‌كاله‌ت ده‌ڵێت:"ئاماژه‌ به‌نووسراوى حكومه‌تى هه‌رێم/ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران‌و به‌گوێره‌ى یاساى چاكسازیى كوردستان‌و ژماره‌ى دووى ساڵى 2020و یاساى خانه‌نشینى یه‌كگرتوو، سه‌ركه‌وت حه‌سه‌ن جه‌لال ڕاوێژكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، به‌پله‌ى بریكارى وه‌زاره‌ت خانه‌نشین ده‌كرێت".

نووسراوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، "بڕیاردراوه‌ به‌خانه‌نشینكردنى سه‌ركه‌وت حه‌سه‌ن به‌پله‌ى بریكارى وه‌زاره‌ت له‌دیوانى وه‌زاره‌ت‌و ده‌ستهه‌ڵگرتنى له‌ڕۆژى ده‌رچوونى فه‌رمانى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ڕۆژى 22ى 5ى 2024".

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست ده‌نگوباس كه‌وتوون، ئه‌و ڕاوێژكاره‌ى به‌پله‌ى بریكارى خانه‌نشینكراوه‌، بۆ ته‌نها ڕۆژێكیش ده‌وامى له‌وه‌زاره‌تى ناوخۆ نه‌كردووه‌.

پێشتریش بەبڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، بڕیاری خانەنشینبوونی سەرکەوتی کوبە، بریکاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆ ھەڵوەشایەوەو بوو به‌بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پشکی یەکێتی.

سەرکەوت حەسەن بریکاری وەزارەتی ناوخۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشتر ڕایگەیاندبوو، بڕیاری خانەنشینبوونەکەی ھەڵوەشاوەتەوەو لەساڵی نوێیه‌وە دەستبەکاردەبێت‌و بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەکەش بەبڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە”.

سەرکەوت حەسەن ناسراو بە (سەرکەوتی کوبە) بڕیاربوو ببێتە شوێنگرەوەی لیوا چەتۆ ساڵح بۆ پۆستی بریکاری وەزاره‌تى ناوخۆ، بەڵام لەبڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا وەزیری ناوخۆ سەرکەوت حەسەنی لە8ى 12ى 2022 خانەنشین کرد، پێشئه‌وه‌ی بڕیاری خانه‌نشینبوونه‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

سه‌ركه‌وتنی كوبه‌ ساڵی 2015 لەسەر پشکی گۆڕان بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بوو، دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یەکێتی‌و کاندیدی یەکێتی بوو بۆ جێگرتنەوەی چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆ.

 

 


#باشووری کوردستان