دهنگوباس:
بەرپرسێكی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، لەكۆتایی ئەمساڵدا رێگەی دەربەندیخان - كەلار تەواو دەبێتو هەوڵی جدیش هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی قۆناغی دووەمی ڕێگەی دووكان – چوارقوڕنە، دهشڵێت:"بهگشتى 54 پڕۆژهى ڕێگهوبان لهسنوورى پارێزگاى سلێمانى كاركردن تێیاندا وهستاوه".
كاروان حەمەئەمین جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگەوبانو ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی ڕایگەیاند، كاركردن لەڕێگەی دەربەندیخان - كەلار كە 40 کیلۆمەترەو 82% كارەكانی تەواو بووە بەردەوامە.
وتیشی، "ئێستا كۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە هەفتانە نزیكەی 500 ملیۆن دیناری بۆ خەرجدەکرێت، ئەگەر خەرجکردنی پارەكە بەردەوامبێت، تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ ئەو رێگەیە تەواو دەبێتو دەكرێتەوە".
رێگەی دووكان – چوارقوڕنە، شاری سلێمانی بەئیدارەی راپەڕینو پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوەو كاركردن تێیدا كراوەتە سێ قۆناغ، یەكەمیان 29 کیلۆمەتر دەگرێتەوەو 97% كارەكانی تەواوبوون؛ دووەمیش 25 کیلۆمەترەو 41% كارەكانی تەواوبوون، بەڵام ئێستا كاركردن تێدا وەستاوە؛ قۆناغی سێیەمیش 10 کیلۆمەترەو هێشتا هیچ كارێكی تێدا نەكراوە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی گوتی، هەوڵ هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کارکردن لەقۆناغی دووەمی رێگەکە دەستپێبکاتەوە.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی ڕێگەوبانی سلێمانی، كاركردن لەرێگەی وارماوا – دەربەندیخان ئێستا بەهۆی نەبوونی بودجەوە راگیراوە، بەڵام كاركردن لەرێگەی پێنجوێن – باشماخ كە 10 كیلۆمەترە بەردەوامەو هەفتانە 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخاندەکرێت.
ئهوهشى وت:"رێگەی پێنجوێن – باشماخ كە زیاتر رێگەیەكی بازرگانییە 80% كارەكانی تەواوبوونو پێشبنیدەكرێت ئەمساڵ كارەكانی تەواوبكرێن".
بەرپرسەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین ساڵە 54 پڕۆژەی رێگەوبان لەسنووری سلێمانی كە بودجەكەیان شهش ملیار دیناره وەستاوە، دیاریش نییە كەی كاركردن لەو رێگەیانە دەستپێدەكاتەوە.
#باشووری کوردستان