دهنگوباس:
چەند بەڵگەنامەیەک بڵاوکراونەتەوە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتارانو فەرمانبەرانی پەرلەمانی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووەو بەگوێرەی زانیارییەکانیش، پەرلەمانتاران چاوەڕێی مووچەی مانگی ئاب دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە زیادەی مووچەکانیان بۆ کراوە، یان نا؟.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، لەحەوتەمین کۆبوونەوەی وەرزی دووەمی ساڵی سێیەمی یاسادانان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتاران دەنگیان لەسەر بڕیارێکداوە بۆ زیادکردنی موچەو دەرماڵەی ئەندامانی پەرلەمانو هاوتاکردنی لەگەڵ مووچەو دەرماڵەی وەزیرەکان.
هەر لەو بڕیارەی پەرلەماندا هاتووە، کە ڕێژەی 30% بەناوی مەترسی لەسەر مووچەی بنەڕەتی (إسمی) بۆ فەرمانبەرانی پەرلەمانی عێراق زیادبکرێت.
هەروەها بڕیارەکەی پەرلەمان بەنووسراوی ژمارە 143 لە 11ى 8ى 2024 بەناوی ڕاستییەکانی دانیشتنی پەرلەمان ئاراستەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت.
لەبارەی ئەم بەڵگەنامانەی تایبەت بەزیادکردنی مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق بڵاوکراونەتەوە، نور نافیع جەلیحاوی پەرلەمانتار لەسەر لیستی ئیمتداد لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی دەنگی بڵاوکردووەتەوەو بێئاگایی خۆیی لەبڕیارەکە ڕایگەیاندووەو دەڵێت:"من لەو دانیشتنەی پەرلەمان ئامادە نەبووم، چونکە نەمدەویست ڕێژەی یاسای بۆ تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، تەواوبێت".
هەروا ئاماژەیداوە "لەو دانیشتنەدا، هیچ بڕگەیەکی تایبەت بەزیادکردنی مووچەو دەرماڵەی پەرلەمانتاران نەبووە، بەڵام بەهۆی بڕینی 40%ی مووچەی پەرلەمانتاران لەمانگی تەممووز، پەرلەمانتارەکان داوای ڕوونکردنەوەیان کردووە، هەربۆیە دەستەی سەرۆکایەتیی بڕیاریدا لەیەکێک لەدانیشتنەکاندا ئەم پرسە گفتوگۆی لەسەربکرێت".
لەلایەکی دیکەوە پەرلەمانتار حسێن عەلی کەرعاوی کە ئەندامی لێژنەی ڕێکخستنەکانی بزووتنەوەی خەڵکە بەکەناڵی جەزیرەی قەتەری وتووه، "هەموو ئەوانەی گەیشتوونەتە پەرلەمان، بانگەشەی خزمەتکردنی خەڵک دەکەن، بەڵام هەموویان لەپەیامو بانگەشەکانیان دوورنو تەنها بەدوای کورسیو پۆستو پارەوەن".
بەڵام پەرلەمانتارێکی دیکەى عێراق باسى لهوهكردووه، ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراوەتەوە ڕاستنو بڕیارەکە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەرکراوەو بەمافی خۆشیانى دەزانن مووچەکانیان زیادبکرێت، چونکە وهكو وتوویهتى:"پێشتر مووچەی پەرلەمانتاران کەمکرایەوەو ئەو دابەشکارییەی لەسەر بنەمای بڕوانامە کرا نا دادپەروەریی بوو، چونکە هەموو پەرلەمانتاران یەک ئەرکیان هەیەو دەبێت لەمووچەو مافیش یەکسان بن".
ئهوهشى وتووه، "هەر پەرلەمانتارێک بڵێت دژی بڕیارەکە بووم، ڕاست ناکاتو بەکۆی دەنگ، دەنگ بەبڕیاری زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتاران دراوەو ئێستاش چاوەڕێی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکەین بۆ ئەوەی بزانن بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ زیادکردنی مووچەکانیان جێبەجێکراوە یان نا؟".
ئاشکرابوونی بەڵگەنامەکانی بڕیاری پەرلەمان بۆ زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتارانو ئیمتیازاتەکانیانو چاوخشاندنەوە بەدۆخی گوزەرانو بژێویان، لەکاتێکدایە کە دادگای فیدراڵی لەساڵی 2018 بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتارانو پلە باڵاکانی دەرکرد، بەگوێرە بڕیارەکە مووچەی پەرلەمانتاران لەهەشت ملیۆنو 200 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دینار کەمکرایەوە، هەروەها بڕوانامەو ساڵانی خزمەتیش کرایە بنەمایەک بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی پەرلەمانتاران.
#عێراق
#عێراق