کوردستان

بانگه‌شه‌ نزیكه‌و كۆمسیۆنیش هۆشداریده‌دات

18/08/2024

ده‌نگوباس:

تادێت واده‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بێته‌وه‌و چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش ئاسایشى هه‌ولێر هۆشداریىدا له‌دیارده‌یه‌ك كه‌ به‌رده‌وام له‌كاتى بانگه‌شه‌دا ڕوویداوه‌ ئه‌ویش به‌خشینه‌وه‌ى دامانچه‌یه‌ وه‌ك شیرینى‌و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى هه‌رێمه‌وه‌، کۆمیسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هۆشداریده‌دات‌و ده‌ڵێت:"هەركەس‌و لایەنێك پابەندی ڕێنماییەكانی بانگەشە نەبێت، سزا دەدرێت".


مەڕوان محەمەد بەرێوەبەری لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "دوای پەسەنکردنی ناوی کاندیدان، بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات، ھەر کەس‌و لایەن‌و کاندیدێکیش پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، جگە لەسزای پێبژاردن، سزای زیندانیکردن‌و بڕیاری دوورخستنەوەی بەسەردا دەدرێت".

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، "بەخشینەوەی چەک لەپێشێلکارییە گەورەکانە".

وابڕیارە لەگەڵ پەسەندکردنی ناوی کاندیدان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، دەست بەبانگەشەی ھەڵبژاردن بکرێت تاوەکو 48 کاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی بەردەوامدەبێت.

16ی ئه‌م مانگه‌ بارزان قەساب بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، "هەرکەس‌و لایەنێک لەبانگەشەی هەڵبژاردندا، چەک ببەخشێتەوە ئەوا یاسای چەكی لەسەر جێبەجێدەكرێت‌و هیوادارین لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو ڕوو نەدات‌و وەک خۆی بەڕێوەبچێت، داوا لەلایەن‌و حزب‌و كەسایەتییەكان دەکەین، بەچەكەوە بانگەشە نەكەن، چونكە ڕێگە پێدراونییە".

بڕیاروایه‌ لە 20ی تشرینی یەکەمی ئه‌مساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت‌و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش بەردەوامە لەسەر ئامادەکارییەکان‌و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی وردبینی لەلیستی کاندیدان‌و پەسەندکردنی کۆتایی ناوەکان، چاوەڕێدەکرێت لەناوەڕاستی مانگی داهاتوو، بانگەشەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان دەستپێبکات.


#باشووری کوردستان