کوردستان

بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاوڵه‌ى مه‌یمون هه‌رێم ئاماده‌باشیى ڕاگه‌یاند

18/08/2024

ده‌نگوباس:

له‌باره‌ی تۆماركردنی نه‌خۆشی ئاوڵه‌ی مه‌یمون له‌هه‌رێمى كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌درێت‌و ته‌ندروستى هه‌رێمیش حاڵه‌تى ئاماده‌باشیى ڕاگه‌یاند.


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى ️ته‌ندروستی هه‌رێم، تائێستا هیچ حاڵەتێكی گومانلێكراوی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لەهەرێمی كوردستان بوونی نییە، هەرچەندە نەخۆشییەكە ئێستا لە 25 وڵات بڵاوبووەتەوە.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، سبه‌ینێ دووشەممە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی‌و ئامادەکاریی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.

باس له‌وه‌شكراوه‌، بڕیاردراوه‌ لیژنەی باڵای یەک تەندروستی (One Health) دابنرێت کە لیژنەیەکی باڵای هاوبەشە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی‌و وەزارەتی کشتوکاڵ.

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شى وتووه‌، "هاوكات بڕیاردرا کە پەیامەکانی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان‌و گەشتیاران دابنرێت بۆ هۆشیاری تەندروستی‌و هەڵمەتی ڕاگەیاندن‌و ڕۆشنبیریی تەندروستی".

هاووڵاتییانی هەرێمیش ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، تائێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراوی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون نییەو بەوردی چاودێریی دۆخی ئەم نەخۆشییە دەکەین‌و تەواوی ئامادەباشی‌و ئامادەکاری دەکەین‌و لەهەر حاڵەتێکیشدا ڕای گشتی لێ ئاگاداردەکەینەوە".


#باشووری کوردستان