کوردستان

ئه‌مڕۆ مووچه‌ نه‌هات.. ته‌یف سامى چى به‌وه‌زیره‌ كورده‌كان وتووه‌؟

18/08/2024

ده‌نگوباس:

سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ بریكارى وه‌زاره‌تى دارایی عێراق وتى، به‌شێك له‌مووچه‌ى مانگى حه‌وت ڕه‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌كرێت، لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە هیچ برە پارەیەک نەخرایه‌سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت، "ڕاسته‌وخۆ وه‌زیره‌ كورده‌كانى كابینه‌كه‌ى سوودانى پرسیاریان له‌ته‌یف سامى كردووه‌".


بڕیاربوو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق به‌شى یەکەمی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بنێرێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک نەخرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەگوێرەی زانیارییەکانیش ناردنی پارەکە دواکەوتووە بۆ سبەینێ دووشه‌ممه‌.

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى ده‌نگوباس، ئه‌مڕۆ دواى كۆتاییهاتنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، وه‌زیره‌ كورده‌كان ڕاسته‌وخۆ پرسیاریان له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌كه‌ كردووه‌و له‌هۆكارى دواكه‌وتنه‌كه‌یان پرسیوه‌ته‌وه‌.

له‌وه‌ڵامیشدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دڵنیاییداوە لەوەی دواکەوتنی مووچە پەیوەندیی بەنەبوونی پارەی نەختینەوە نییەو پارەی پێویستیان لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچەو وتوویه‌تى، "بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم قۆناغێکی باشی بڕیووەو بەکۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیەش، کێشەی مووچە لەنێوان هەولێرو بەغدا بەتەواوی چارەسه‌ر دەبێت".

لای خۆیەوە عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردووه‌، "بابەتی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەدانیشتنی ڕابردوو لەگەڵ وەزیری دارایی باسکرا، دڵنیابووینەوە داتای فەرمانبەران بۆ وەزارەتی دارایی دەنێردرێت‌و پرۆسەکە قۆناغێکی زۆرباشی بڕیووە، بەتەواوکردنی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، کێشەی مووچە چارە دەبێت‌و مانگانە بەبێ کێشە دەنێردرێت".

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، وردبینیکردن لەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی، خانەنشینان‌و کەسوکاری شەهیدان‌و چاودێری کۆمەڵایەتی کۆتاییهاتووە، بەڵام وردبینیکردن لەلیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراقش دەڵێت، تاوەکوو کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواوی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

محەمەد شەممەری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا بۆ باسى له‌وه‌كردووه‌، "بابەتی مووچەی فەرمانبەران لەکێشەی سیاسی دوورخراوەتەوە، چونکە بابەتی مووچە پەیوەندیی بەمووچەخۆرانەوە هەیەو دەبێت مووچەخۆر لەکۆتایی مانگدا مووچەکانیان دابەشبکرێت‌و ئەمە بابەتێکی مرۆییە، بۆیە ئێستا تاڕادەیەک چارەسەری ئەم کێشەیە کراوە، بەڵام هێشتا پێویستی بەهەوڵ‌و کۆششی زیاتری هەردوولا هەیە".

ماوەی نزیکەی مانگێکە، وەزارەتی دارایی‌و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەڵام لەبەغداوە ڕه‌خنه‌ له‌و لیستانه‌ گیراو جه‌ختده‌كرێته‌وه‌، ته‌واوى لیسته‌كان پڕن له‌كه‌موكوڕیى.


#مووچە