رۆژهەڵاتی ناوەراست

له‌نیوه‌ى شاره‌كانى عێراق ده‌وام ڕاگیرا

18/08/2024

ده‌نگوباس:

تائێستا حەوت پارێزگای ناوەڕاست‌و باشووری عێراق، بەبۆنەی هاتنی ژمارەیەکی زۆر لەزیارەتکارانی شیعەو بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، ده‌وامیان ڕاگرتووه‌.


ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە ڕایگەیاند، ڕۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەو یەکشەممەی هەفتەی داهاتووش، له‌سه‌رجه‌م دامودەزگا حکوومییەکانی پارێزگای بەسرە ده‌وام ڕاده‌گیرێت.

تائیستا هەریەکە لەپارێزگاکانی (بەسرە، زیقار، واست، کەربەلا، نەجف، بابل‌و دیوانییە) ده‌وامیان ڕاگرتووه‌ بەبۆنه‌ی چلەی ئیمام حوسێنەوە، چاوەڕوانیشده‌كرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوودا، چەند پارێزگایەکی دیکەش پشوو ڕابگەیەنن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، میقداد میری وتەبێکی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن ڕایگەیاند، تائێستا زیاتر لەدوو ملیۆن‌و 200 هەزار کەس بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە سەردانی عێراقیان کردووەو تائێستاش 679 هەزاریان، دوای تەواوکردنی ڕێوڕەسمی زیارەتکردن گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.

پێشتریش دەستەی گەشتوگوزاری سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق پێشبینیکردبوو، ئەمساڵ بۆ بەشداریکردن لەڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، ژمارەی زیارەتکارانی شیعە بۆ عێراق بگاتە 13 ملیۆن کەس کە زۆرینەیان هاووڵاتی وڵاتانی (ئێران، پاکستان، ئەفغانستان، ئازەربایجان)‌و وڵاتانی کەنداو دەبن.

ساڵی ڕابردوو ژمارەی زیارەتکارانی بیانی گەیشتە نزیکەی شەش ملیۆن کەس؛ چوار ملیۆنیان زیارەتکاری ئێرانی بوون، بۆ ئەمساڵیش، ئێران پێشبینیدەکات ژمارەی زیارەتکارانی وڵاتەکەی بۆ عێراق بگاتە 4.6 ملیۆن کەس.

چلەی ئیمام حوسێن حوسێن یەکێکە لەدیارترین بۆنە ئایینییەکان لەلای شیعە مەزهەبەکان‌و پەیڕەوانی، بەسەردانیکردنی گۆڕی حوسێن بن عەلی بن ئەبی تاڵیب کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە لەکەربەلا، شیوه‌ن دەگێڕن، هەروەها سه‌ردانی گۆڕی ئەبو فەزل عەباسی براشی ده‌كه‌ن.


#عێراق