دهنگوباس:
بارهگاى بارزانى لهسهر ڕێكهوتنهكانى كهركوك هاتهدهنگو ڕایدهگهیهنێت، "بەکورتیو پوختی ئەو ڕێککەوتنانەی بەشێوەی چەواشەکاری دەکرێن چارەنوسیان شکستە"، وتهبێژى بارهگاكهش دهڵێت:"ئێمە هەرگیز سازش لەسەر کوردستانیبونی کەرکوک ناکەین، بهڵام نابێت سازشو قوربانی بە هەندێ ناوچەی دیکەی گرنگی کوردستانیەوە بکرێت یان پێگەو پۆستەکانی کورد بفرۆشرێن بەمەبەستی ئەوەی ئەم پارێزگایە بخرێتە ناو ئەجێندایهكى نامۆوه".
خالیدە خەلیل وتەبێژی بارەگای بارزانی لەپێگەی (ئێکس) بڵاویکردەوەو دەڵێت:"ناڕەزایەتی ئێمە لەپێشێلکردنی ڕێککەوتنی نیشتمانیو جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی سەیرو نامۆی ئەووتۆیە کە ئامانجی هێنانەکایەی کێشەو ناهاوسەنگیە".
دەشڵێت:"ئێمە پێمانوایە کەسی پارێزگار دەبێت کوردێکی میانڕەو بێت، هەروەها دەبێت لایەنە کوردییەکانی تریش لەسەری ڕازیی بن، بەهەمانشێوە ڕێککەوتن لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنو جێگرەکەشی بکرێت، جگە لەڕازیکردنی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لەچوارچێوەی ئەو پارێزگایەدا پێکەوە دەژین هەریەکەو بەگوێرهى ڕێژەو پێگەیان".
خالیدە خەلیل دەشڵێت:"ئەمانە پێویستن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەباشی سەرکەوتوبێتو ئامانجەکانی خۆی بهێنێتەدی، نەوەک سازشو قوربانیی بە هەندێ ناوچەی دیکەی گرنگی کوردستانیەوە بکرێت، یان پێگەو پۆستەکانی کورد بفرۆشرێن بەمەبەستی ئەوەی ئەم پارێزگایە بخرێتە ناو ئەجێندای نامۆی ئەووتۆ کە هەندێ لایەن کاری بۆ دەکەن، بەکورتیو پوختی ئەو ڕێککەوتنانەی بەشێوەی چەواشەکاری دەکرێن، درەنگ بێت یا زوو، چارەنوسیان تەنها شکستە".
#باشووری کوردستان