دهنگوباس:
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ کردنەوەی دەروازەکانی پێدانی دۆلار بەنرخی فەرمیی لەفڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی دەڵێت:"بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەمان کردووە".
عەممار حەمەد خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشكرایكرد، "بەمەبەستی دەستپێکردنی پڕۆسەی پێدانی دۆلار بەنرخی فەرمی بەگەشتیاران لەفڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانی، هەفتەی رابردوو لەگەڵ نوێنەرایەتیی هەرێم لەبەغدا کۆبوونەوەمان کردووەو هەوڵدەدەین لەنزیکترین کاتدا دەستپێبکرێت".
لەفڕۆکەخانەکانی عێراق، دۆلار بەنرخی فەرمی بەگەشتیاران دەدرێت، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دیناری عێراقییە.
سەبارەت بەوەڵامدانەوەی ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو؛ کە ناوی خۆیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بانکە عێراقییەکان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی دۆلارو پێدانی بەگەشتیاران، عەممار خەڵەف دهڵێت:"هەموو ڕێکارو بەڵگەنامەکانمان بەدەستگەیشتووەو لەچەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی سەرجەم کۆمپانیا تۆمارکراوەکان دەدرێتەوە".
سهبارهت بهدابەزینو جێگیربوونی نرخی دۆلار، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "تێکڕای ڕۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخەینە بازاڕەوە؛ ئەوەش بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلارە، هیوایەک هەیە لەم ڕۆژانەی داهاتوودا نرخەکەی دابەزێنین".
لەوەڵامی ئەوەی ئاخۆ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر بانکە عێراقییەکان هەڵدەگیرێن، عەممار خەڵەف وتی، "لەکۆتایی ئەم مانگەدا شاندێکی بانکی ناوەندیی سەردانی ئەمریکا دەکاتو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە سەبارەت بەگەیشتن بەڕێککەوتنێک بۆ هەڵگرتنی سزاکان کۆدەبێتەوە".
زیاتر لەمانگێکە حەواڵەی بازرگانی بۆ چین کێشەی تێکەوتووە، کە ئەوەش بەهۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار دەزانرێت، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی دەشڵێت، هەوڵی جیدییان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە داوەو بەمنزیکانە حەواڵەکان ئاسایی دەبنەوە، کە ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو بێت.
#دۆلار