کوردستان

نووسینگەی ناتانیاهۆ: هەواڵی ئەرێنی له‌باره‌ى ئاگربەسته‌وه‌ گەیشتووە

17/08/2024

ده‌نگوباس:

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ-ى سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرایكرد، تیمی ئیسرائیل لەقەتەر، لەبارەی رێککەوتن بۆ ئاگربەستی غەززە، هەواڵی ئەرێنییان بەسەرۆک وەزیران داوە.

 
نووسینگەکەی ئاماژە بەوەشدەکات، "ئومێد هەیە کە ئەو گوشارە زۆرەی ئەمریکاو نێوەندگیرەکان بۆ سەر حەماس، وایان لێبکات پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەست ڕەتنەکەنەوە".

کەناڵی 13ـی ئیسرائیل بڵاویکرده‌وه‌، لەکۆبوونەوەکانی دەوحە، مەودای داواکارییەکانی نێوان حەماس‌و ئیسرائیل لەیەکتر نزیکبوونەتەوەو پێدەچێت گەیشتن بەڕێککەوتنی ئاگربەست نزیک بێت‌و ناتانیاهۆش چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی قاهیرە دەکات.

هاوکات، هەردوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو فەرەنسا لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە 16ی ئابی 2024، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی گەیشتن بەڕێککەوتن لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەغەززە ڕاگەیاند.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش لەبەرپرسێکی ئیسرائیلی گواستووەتەوەو ده‌ڵێت:"پێشکەوتنی باش لەڕۆژی یەکەمی گفتوگۆکانی دەوحە بەدیهاتووەو لایەنەکان گەشبینن بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەغەززە".

316 ڕۆژە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامەو تائێستا زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون‌و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون، جگە لەوێرانکردنی ژێرخانی گشتیی ناوچەکە.


#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست