کوردستان

وه‌زیرانى به‌رگرى عێراق‌و توركیا یاداشتى لێكتێگه‌یشتنیان واژۆكرد.. بڕیارى چى له‌باره‌ى په‌كه‌كه‌وه‌ درا؟

15/08/2024

ده‌نگوباس:

لەئەنكەرە، سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق و یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا یاداشتانەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتیان لەبوارەکانی سەربازی، ئەمنی‌و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئیمزاکرد.


دوای ئەوەی دوێنێ‌ شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە بەیاوەریی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم‌و وەزیری بەرگریی عێراق‌و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گەیشتنە ئەنكەرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاو وەزیری بەرگری‌و بەرپرسانی باڵای دیکە ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

دوای چوارەمین کۆبوونەوەی میکانیزمی باڵای ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری ئەمنی، سەربازیی‌و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئیمزاکراو لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیشدا، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، سەربازگەی باشیك دەبێتە سەربازگەیەکی مەشقپێکردنی هێزه‌كانی عێراق.

لای خۆیەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند:"دڵخۆشین بەوەی لەعێراق هۆشیاریی بەرامبەر بەپەکەکە زیادیکردووە، ڕاگەیاندنی پەکەکە وەک هەڕەشەی هاوبەش‌و دواتریش ناوزەدکردنی بەڕێکخراوی قەدەغەکراو زۆر بەنرخە".

باسی پەیوەندییە ئەمنی‌و سەربازیی‌و هەواڵگرییەکانمان کرد، دەمەوێت پێشهاتێکی مێژوویی ڕابگەیەنم کە ماوەیەکە کارمان لەسەری دەکرد، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنمان لەبوارەکانی سەربازی، ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەلایەن وەزیرانی بەرگریمان ئیمزاکران، پەیوەندییەکانمان بەبێ پچڕان بەردەوامدەبن".

لەبارەی ئیمزاکردنی ئەو یاداشتە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی:"ئەم یاداشتە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان بەرەو پێشتر دەبات‌و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی هاوبەشمانە بەئاشتی‌و سەقامگیریی لەناوچەکەدا، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدەستبهێنێت".

فوئاد حوسێن لەکۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ هاکان فیدان وتى:"تیمی عێراق‌و تورکی کۆبوونەوە بۆ دانانی بەشە گرنگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن کە لەلایەن هەردوولاوە ئامادەکراوە، چەندین لیژنە ئامادەکران‌و دابەشکران لەچەندین بوار، یەکێک لەو هەڕەشانەی دەبێت رووبەرووی ببینەوە بازرگانی ماددەی هۆشبەرە، لەبارەی ڤیزا لەسەرەتای مانگی ئەیلوول مامەڵەکردن لەگەڵ شێوازی هاتنە ناوەوە لەلایەنی تورکی دەگۆڕێت. لەبارەی بابەتی سەربازی و ئەمنی، پابەندی دەستووری عێراقین و بەگوێرە دەستوور هەر جموجۆڵێک لە خاکی عێراق دژی وڵاتانی دراوسێ دژی بنەماکانی دەستوورە و ئێمەش بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێین واتا سەروەری عێراقیش پێویستە پارێزراو بێت، چونکە هەڕەشەکان تەنیا لەسەر لایەنی تورکیا نییە بەڵکو لەسەر عێراقیشە، ئەو رێکخراوانە بوونەتە هەڕەشە لەسەر دۆخی سیاسی و دیموکراسی عێراق".

وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی:"گەیشتینە چەند خاڵێک، یەکێک لەوان چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ سەربازگەی باشیک و دەبێتە سەربازگەیەکی مەشقپێکردنی عێراق، یەکێک لەبابەتەکان هەبوونی پەکەکە بوو و هەروەها مەترسی دروستکردنی كێشە چ بۆ هەرێمی کوردستان یان شارەکانی دیکەی عێراق".

هاوکات فوئاد حوسێن جەختیکردەوە، حکوومەتی عێراق ڕێکاری یاسایی، سیاسیی و کارگێڕی بۆ ناساندنی پەکەکە وئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی ئەو پارتە دەکەن لەعێراق و هەرێمی کوردستان، بخاتە لیستی حزبە قەدەغەکراوەکانەوە.


#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست