کوردستان

مه‌لا به‌ختیار: بافڵ تاڵه‌بانى‌و براكه‌ى وه‌كو كوڕی مام جه‌لال ڕێزیان ده‌گرم به‌ڵام وه‌كو سیاسه‌ت زۆر لێیانەوە دوورم

15/08/2024

ده‌نگوباس:

مەلا بەختیار سیاسەتمەدار دەڵێت: ئەو ڕووداوەی کە هەشتی تەمووز ڕوویدا پرۆسه‌یه‌كی ناحزبی بوو، پێشێلكردنی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ بوو كه‌ خۆیان دایاننابوو و من هه‌ر له‌هیچی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌دا به‌شدارنه‌بووم، كه‌ خۆیان له‌كۆنگره‌ی چواره‌م دایاننا.


مه‌لا به‌ختیار سیاسه‌تمه‌دار ڕایگەیاند: گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی و پارتی له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ كێشه‌كانیان چاره‌ بكه‌ن، چونکە بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گرنگترین شته‌.

هاوکات دەڵێت: ڕێكنكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی ئه‌نجامه‌كه‌ی چی بووه‌ لە ڕابردوودا، بێگومان له‌مه‌ودوا ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپتریش ده‌بێت، بۆیە دەبێت بە زووترین کات ڕێکبکەون.

ناوبراو باسی لە ئیدارەی ئێستای یەکێتی کردو وتی: ئیدارەی ئێستای یەکێتی بۆچوونی منیان قبووڵ نییەو منیش هی ئەوانم قبووڵ نییە.

وتیشی: بێده‌نگ نین، به‌رده‌وام هه‌ڵوێستێكی ئارامم هه‌یه‌ و دوور له‌ بوختان كردن و دوور له‌ جنێودان، ئه‌سڵه‌ن من ده‌زانم كێ ئازارم ده‌دات و له‌ پشتی په‌رده‌ چیم له‌ باره‌وه‌ ده‌گوترێت! ده‌زانم شه‌خسه‌كان كێن، به‌ڵام من وه‌ڵامی كه‌سیان ناده‌مه‌وه‌.

جەختی لەوەشکردەوە، کە دەبێت یەکێتی بکرێتە فرەمینبەر، واته‌ هه‌ر ڕه‌وتێك له‌ناو یه‌كێتی‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بێت گه‌شه‌ به‌یه‌كێتی بدرێت‌و بکرێتە‌ چه‌ترێكی به‌ره‌یی بۆ هه‌موومان، چه‌ند مینبه‌رێك وه‌ك جاری جاران، یه‌كێتی له‌شاخ فره‌مینبه‌ر بوو، ئێستاش با بكرێته‌وه‌ فره‌مینبه‌ر.

لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، مەلا بەختیار، ئاماژەی بەوەکرد: ڕێزی ده‌گرم، وه‌كوو كوڕی مام جه‌لال،  ڕێزی براكه‌شی ده‌گرم، به‌ڵام وه‌كو سیاسه‌ت زۆر لێیانەوە دوورم.

مەلا بەختیار باسی لەمه‌سعود بارزانی کردو وتی:"په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌نێوان من و مه‌سعود بارزانی هه‌یه‌، ده‌مێكه‌ نه‌مبینیوه‌، كه‌ ده‌یبینم به‌ڕاشكاوانه‌ قسه‌ی خۆمی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م".

لەبارەی هەشتی تەمووزەوە، دەڵێت: "پرۆسه‌یه‌كی ناحزبی بوو، پێشێلكردنی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ بوو كه‌ خۆیان دایاننابوو و من هه‌ر له‌ هیچی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌دا به‌شدار نه‌بووم، كه‌ خۆیان له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م دایاننا."

مەلا بەختیار، لەبارەی ئەوەی کە کێ ژەهرخواردی کردووە، ئاشکرایكرد، به‌گومان ده‌زانێت كێیه‌، به‌ڵام جارێ به‌یه‌قین نایزانێت.

لەدرێژەی قسەکانیدا ئەوەشیخستەڕوو: "ئێستاش عه‌وداڵی زانیاریی زیاترم لەبارەیەوە، زانیارییم ده‌ستبكه‌وێت نزیكترین كه‌س بێت له‌مێژوومدا بێده‌نگ نابم. دوورترین كه‌سیش بێت هه‌ر بێده‌نگ نابم، چه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت هه‌ر بێده‌نگ نابم. من مه‌رگێك قه‌رزارم له‌ خوا نه‌بێت له‌ هیچ كه‌س ناترسم".


#باشووری کوردستان