کوردستان

کۆریای باکوور دوای پێنج ساڵ جارێکی دیکە دەرگای لە بەردەم گەشتیاران دەکاتەوە

15/08/2024

ده‌نگوباس:

بەگوێرەی کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاری، کۆریای باکوور بڕیاریداوە لەکانوونی یەکەمەوە دەرگای یەکێک لەشارەکانی بەڕووی گەشتیارانی بیانیدا بکاتەوە، کە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵە بەهۆی پەتای کۆرۆنا سنوورەکانی داخستبوون.

 
دوو کۆمپانیای چینی کە لەبواری گەشتیاریدا کاردەکەن رایگەیاند، گەشتیاران لەماوەیەکی نزیکدا ڕێگەیان پێدەدرێت سەردانی شاری سامجیۆنی باکووری کۆریای باکوور بکەن.
 
وڵاتەکە لەسەرەتای پەتای کۆرۆناوە لە ساڵی 2020 سنوورەکانی داخست و نێوەڕاستی پار دەستی بە هەڵگرتنی بەشێک لە رێکارەکان کرد.
 
داخستنی سنوورەکە هەروەها بووە هۆی وەستانی پێداویستییە سەرەتاییەکان کە ئەوەش سەرینا بۆ کەمبوونەوەی خۆراک.
 
یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییە چینییەکان پێشبینی دەکات لە ماوەیەکی نزیکدا رێگە بە گەشتیاران بدرێت سەردانی پیۆنگیانگیش بکەن. یەکێکی دیکەش باس لەوە دەکات کە رەنگە گەشتیاران بتوانن سەردانی شارەکانی دیکەش بکەن.
 
کۆریای باکوور لە ماوەی ئەمساڵانەدا گەشەیەکی بەرچاوی بەشاری سامجیۆن داوە، کیم جونگ ئون رێبەری ئەو وڵاتە تەممووزی ئەمساڵ ژمارەیەک پلانی ڕاگەیاند، لەنێویاندا نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی شارەکە، گۆڕینی بنکەیەکی سەربازی بۆ شوێنێکی گەشتیاری، راکێشانی هێڵی شەمەندەفەرو دروستکردنی هۆتێلی نوێ بۆ گەشتیارانی بیانی.
 
کیم ئەو کات وتی، ئامانج لە"بووژاندنەوەی گەشتیاریی نێودەوڵەتی" خزمەتکردنە بەوانەی لە وڵاتانی "دۆست"ەوە سەردان دەکەن.
 
سامجیۆن دەکەوێتە دامێنی بەرزترین چیای کۆریای باکوور بەناوی پایکتو کە دەکەوێتە سەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ چین‌و لەزستاندا زۆرترین کەس سەردانی دەکەن.
 
بەگوێرەی پیۆنگیانگ، چیاکە ئەو شوێنەیە کە کیم ئیل سەنگ دامەزرێنەری کۆریای باکوور تێیدا رووبەڕووی هێزەکانی ژاپۆن بووه‌ته‌وه‌و لەوێ شۆڕشی هەڵگیرساند. سونگ باپیری کیم جۆنگ ئونە. هەروەها پیۆنگیانگ دەڵێت، ئەو چیایە شوێنی لەدایکبوونی کیم جۆنگ ئیل، باوکی سەرۆکی ئێستایە.
 
میدیای کۆریای باکوور مانگی تەممووز رایگەیاند، سامجیۆن دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی چواروەرزە.
 
ئەو گەشتیارانەی توانیویانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەردانی کۆریای باکوور بکەن، تەنیا ئەوانە بوون کە خەڵکی رووسیا بوون، وەک رەنگدانەوەیەکی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ.
 
کۆریای باکوور رێگەی بە گەڕانەوەی هاووڵاتییەکانی خۆیشی نەدابوو کە دوای کۆرۆنا لە دەرەوە گیریانخواردبوو، تا ئابی پار.


#جیهان