دهنگوباس:
کوردێک کە لەلایەن وەزیری بەرگریی عێراقەوە كاندیدكراوهو سەرۆک وەزیرانی عێراقیش رەزامەندی لەسەرداوە، دەکرێتە ئەمینداری گشتیی وەزارەتەکە، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت:"پۆستەکەی وەکو پشکی کورد وەرگرتووە".
ژمارەیەک گۆڕانکاریی لەوەزارەتی بەرگریی عێراق دەکرێن، کوردێک بەناوی شوان موزهر عەلی کە پلەی فەریقی هەیە لەشوێنی جەبار سجیل حەیدەری بەئەمینداری گشتی وەزارەتەکە دیاریکرا.
فەریق شوان موزهر کوڕی دکتۆر موزهر عەلی ئەمین رواندوزییە کە یەکێکبوو لەپزیشکە بەناوبانگەکانی عێراق، پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانکارییو خاوەنی پێشووی نەخۆشخانەی جادریە بووەو لەنەخۆشخانە سەربازییو مەدەنییەکانی عێراق کاریکردووە.
فەریق شوان موزهر بەشێکی تەمەنی لەبەغدا ژیاوە، لەساڵی 1988 بەکالۆریۆسی ئەندازیاریی فڕۆکەوانی لەئەکادیمیای برنۆی سەربازیی لەچیک بەدەستهێناوە، جگەلەوەش بەکالۆریۆسی لەبەشی ئینگلیزیی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا لەساڵی 2000 وەرگرتووە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و چیکی دەزانێت.
فەریق شوان پێش وەرگرتنی ئەو پۆستە، جێگری ئەمینداری گشتی بووە، لەساڵی 2002 بووەتە عەقیدی ئەندازیار، لەساڵی 2006 بووەتە عەمیدو لەساڵی 2011 پلەی لیوای وەرگرتووە، لەساڵی 2019ش بووەتە فەریق، ژمارەیەک پۆستی لەوەزارەتی بەرگری هەبووە، لەوانە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی فەرماندەی هێزی ئاسمانی.
سەگڤان سندی جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی پەرلەمانی عێراق وتى: "فەریق شوان لەسەر پشکی کورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەدڵنیاییەوە لەلایەن سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتگیری لێکراوە، جگەلەوەی خۆی کەسێکی چالاکە، ئەزموونی زۆری هەیە".
سەبارەت بەپشکی کورد لەنێو وەزارەتی بەرگری، ئەو پەرلەمانتارە وتی:"رێژەیەکی زۆر کەمەو ناگاتە 1٪".
#باشووری کوردستان