کوردستان

سوودانى په‌یامێك ئاراسته‌ى وه‌زیرى دارایی ده‌كات‌و ته‌یف سامیش وه‌ڵامده‌داته‌وه‌

15/08/2024

ده‌نگوباس:

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ئابوریى له‌په‌رله‌مانى عێراق زانیاریى له‌باره‌ى لیستى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم‌و نه‌ناردنى موچه‌ى مانگى حه‌وته‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سودانى داواى له‌وه‌زیرى دارایی كردوه‌ پاره‌ى موچه‌ى مانگى حه‌وت سه‌رفبكات‌و وه‌زیرى داراییش وه‌ڵامى سه‌رۆك وه‌زیرانى له‌وباره‌یه‌وه‌ داوه‌ته‌وه‌و داواى كردوه‌، خۆى وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیران به‌رپرسیارێتى هه‌ڵبگرێت، ده‌شڵێت:"کێشەی لیستەکانی موچە جدیی‌و حەقیقیەو پڕە لەکەموکوڕی‌و تائێستاش وردبینى به‌رده‌وامه‌و كۆى گشتى پاره‌ش بۆ موچه‌ ترلیۆنێكى تێپه‌ڕاندوه‌".


سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئابوریى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌فه‌یسبوكى خۆى ئاشكرایكردوه‌، "کێشەی لیستەکانی موچە جدیی‌و حەقیقییەو پڕە لەکەموکوڕی، حکومەت‌و وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئامادەی چارەسەرکردنی نین‌و کات بەڕێدەکەن‌و بێباکن کە باجەکەی خەڵکی هەرێم دەیدات، ئامادەش نین بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ به‌بانكیكردنى موچه‌ جێبەجێبکەن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "تائێستا وردبینی بەردەوامە، کۆی گشتی موچە لەترلیۆنێک دینار تێپەڕیوە، لیستی موچه‌ى هێزه‌ ئەمنیه‌كان کێشەی زۆری تێدایە، هەزاران کەس لەلیستەکەدایە بەبێ زانیاریی‌و به‌بەبێ ناو، دامەزراوی تازەو دەیان هەزار ناویش نەنێردراوە".
 
باسى له‌وه‌شكردوه‌، "لیژنەی چاودێری دارایی‌و وەزارەتی دارایی دەڵێن بۆچی لەلیستی هێزی ئەمنی بەنمونە پلەی ملازم موچەکەی لەهەر شوێنێک مەبلەغێکە بەچی پێوەرێک؟
چۆن یەکەی سەربازیی خانەنشین‌و کەمئەندامی هەیە؟، سەدان کەموکوڕیی‌و تێبینی هەیەو وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەنییە چارەسەریان بکات".

سۆران عومه‌ر له‌كۆتاییدا ده‌ڵێت:"وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێرباری ناردنی پارە بەو کەموکوڕیانەوەو سەرۆک وەزیرانیش داوای سەرفکردنی موچەی کردوە، به‌ڵام دارایی دەڵێ چەند مانگی پێشوو بەهەمان داواکاریی موچە سەرفکراوەو تێبینیەکانیش چاکنەکراون، خۆتان بەرپرسیارێتی یاسایی لەئەستۆ بگرن، بۆیە هێشتا بڕیاری ناردنی موچەی مانگی حه‌وت نەدراوە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌،  سەرچاوەیەک لەبانکى ناوەندى عێراق/ لقى هەولێره‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، "پارەی پێویست بۆ موچەى مانگى حەوتى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەردەستەو چاوەرێی فەرمانى ته‌یف سامى وەزارەتی دارایی عێراقین بۆ خەرجکردنى".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، "هەرکات فەرمانەکەمان پێگەیشت، ڕاسته‌وخۆ پارەکە دەخەینەسەر هه‌ژماری وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کە بۆ ئەم مانگە نزیکدەبێتەوە لەترلیۆنێک دینار".


#مووچە