بیروڕا

دەرفەتێکی نوێ

15/08/2024
شوان داودی

لە پرۆسەی ئازادی عێراق کورد دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی هەژمونی خۆی بەسەر کۆی خاکی داگیرکراوی ئەم بەشەی کوردستاندا بسەپێنی و لە ناوچە جێناکۆکەکان بە گشتی و شاری کەرکوک بە تایبەتی باڵا دەست بێت .
بەڵام بە داخەوە کێشە و ململانێی حزبی و کەم ئەزمونی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و غیابی ستراتیژی نەتەوەیی و نەبوونی هیچ بەرنامەو بەرچاو ڕونیەک بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ پێکهاتەکانی تر و پشک پشکێنە و بەرژەوەندی تەسک و پشت لە یککردن و گواستنەوەی دوبەرەکی و گرفتەکانی هەرێم بەشێوەیەکی خراپتر  بۆ ئەم ناوچانە ئەو دەرفەتەی لە کیس دا .
دوای ئەو هەموو بێنە و بەردەیەی لەدوای پرۆسەی ڕیفراندۆم و لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم بە کارەساتی 16ی ئۆکتبورەوە بەسەری کوردی کەرکوکدا هات ، بە بەرنامە کار بۆ ئەوە کرا روحی نەتەوەیی و ئینتما بۆ خاک لاواز بکرێت و کوردی شارەکە هان بدرێن بۆ ئەوەی خاک و شار و دۆزەکەیان جێبهێڵن و ژیانی سەرکزی و ئاوارەیی هەڵبژێرن ..
لە بەرامبەریشدا ئێرادەیەک هەبوو بۆ مانەوە و بە گژاچونەوەی هەموو ئەو ئەجندا و خواستی داماڵینەی کورد لەم شارە .
لە هەڵبژاردنی ڕابردووی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کوردی کەرکوک بە دەر لە ئینتمای حزبی  وەک کورد بۆ وەڵام دانەوە بەو هەڵمەتی داماڵینە کە لەبەرامبەریدا بە ئەجندای دەرەکی و ناوخۆیی بەڕێوەدەبرێت چونە سەر سەندوقەکانی دەنگ دان و وەڵامەکانیان خستە سندوقەکانەوە و دەرفەتێکی تریان دایەوە بە هێزە سیاسیە کوردیەکان  ..
دوای 8 مانگ لە هەڵبژاردن و بێنە و بەردەیەکی زۆر و پیلان و پیلانکاری و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و یاری تۆم جێری نێوان پارتی و یەکێتی پرسی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک یەکلایی کرایەوە  
دەستبەر کردنی پۆستی پارێزگاری شارەکە بۆ کورد لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرامبەر هەر شتێک بێت گرنگی مەعنەوی خۆی هەیە بۆ تاکی کورد و بوژانەوەی ڕوحی نەتەوەیی پێداگری لە مانەوە و پەیوەست بوون بە خاکەوە لە شارەکە زیاتر دەکات ، زیاتر بڕوا بە خۆ بوونی بۆ دەگەڕێنێتەوە .. بۆیە ئەو پۆستە بۆ کورد لەم قۆناغە  دەستکەوتێکی گرنگە لەوەش گرنگتر ئەوەیە سود لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگیرێت و فاکتەرەکانی سەرکەوتنی بۆ دەستەبەر بکرێت وببێتە هۆکاری گەڕانەوەی متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی شارەکە و پێش هەمووان دەبێت کورد  متمانەی پێ بکات و دور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و شەخسی بێ تانە لێدان و بێ بەها کردنی ، قۆناغەکە وا دەخوازێت نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابوری و کۆمەڵایەتی شارەکە  لە هەولێر و سلێمانیەوە بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک ببنە پشتیوان و دەستباری بن و لە هەمانکاتدا دۆخی کورد وادەخوازێت کە پارێزگار زەمینەیەکی لە بار بڕەخسێنیێت بۆ ڕاست کردنەوەی چەوتیەکانی ڕابردوو و ببێتە هەوێنی گەڕانەوەی متمانە چی لە نێوان هێزە کوردیەکان و چی لە نێوان کۆی پێکهاتەکان .