رۆژهەڵاتی ناوەراست

یەحیا سینوار لە کوێیە؟ چۆن حەماس بەڕێوە دەبات؟

15/08/2024
یەحیا سینوار

هێشتا کەس نازانێت یەحیا سینوار لە کوێی غەززەدایە و چۆن دەتوانێت گروپی فەلەستینی حەماس کۆنترۆڵ بکات و بەڕێوەی ببات. بەو بڕیارەی حەماس کە لە جێی ئیسماعیل هەنیە وەک بەرپرسی فەرمانگەی سیاسی ئەو گرووپە دەستنیشان کراوە.

ڕۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەم بابەتە کردووە و نووسیویەتی: یەحیا سینوار، سەرۆکی حەماس لە غەززە گۆشەگیرە، بەڵام تا ئێستاش لەگەڵ شەڕڤانان و سەرکردایەتی ئەم گرووپە لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندیدایە.

زۆر کەس دەپرسن چۆن لە غەززەوە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر و گروپ و بەرپرسانی ئەم گروپە فەلەستینییە دەکات؟ دەوترێت سینوار متمانەی بە پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان نەماوە، چونکە نیگەرانە لەوەی کە ئیسرائیل شوێنی بدۆزێتەوە و بیکوژێت.

ئەوەی کە سینوار لە پەیوەندییەکانیدا ڕەچاوی لایەنی وریایی دەکات، ئەزموونێکە کە پێشتر لە کاتی تیرۆرکردنی بەرپرسانی باڵای دیکەی بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵا لە لوبنان بەدەستی هێناوە و بەرپرسانی ئەو گرووپانەش زۆر وریان لە بەکارهێنانی مۆبایل.

هەروەها سەرکردەکانی مافیا لە ئەمریکا لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا وریا بوون لە بەکارهێنانی تەلەفۆن. هەروەها یەحیا سینوار ئەرکێکی قورسی هەیە کە دەبێت زۆر وریا بێت لە پەیوەندییەکانیدا و بتوانێت لە هەمان کاتدا بەسەر ئەو گروپەی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە چاودێرێکی ورد بێت.

سینوەر دەبێت دڵنیابێت لەوەی حەماس لە غیابی سەرکردایەتیدا نەکەوێتە گێژاوەوە. دەبێت بەردەوام لە غەززە کۆچ بکات، یەحیا سینوار کە لە خان یونس گەورە بووە، کەرتی غەززە باش شارەزایە و ئەندازیار و شارەزای جوگرافیای تونێلەکانە لەوێ. ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە حەماس توانی لە سەردەمی سەرکردایەتی یەحیا سینواردا بڕێکی زۆر هاوکاری دارایی لە لایەنگرانی خۆیەوە وەربگرێت، لەوانە قەتەر.

لە دوایین وێنە بڵاوکراوەکانی یەحیا سینواردا بینراوە کە بە یەکێک لە تونێلە ژێرزەمینییەکانی کەرتی غەززەدا تێدەپەڕێت، بەڵام سەرەڕای چەند مانگێک شەڕ لەم کەرتە و بوونی سەربازیی سەربازانی ئیسرائیل لەو وڵاتەدا، هێشتا نەیتوانیوە کە شوێنی یەحیا سینواردەستنیشان بکات.

هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەم دواییە وەک بەرپرسی فەرمانگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس دەستنیشان کراوە، زۆر گرنگە لە کاتی دانوستانەکانی ئاگربەستدا پەیوەندی لەگەڵ یەحیا سینوار بپارێزرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە دەرەوەی غەززە کەسانێک هەبوون وەک هەنیە دەیانتوانی بڕیار لەسەر دانوستانەکان بدەن، بەڵام ئێستا قورستر بووە.


#ئیسرائیل
#فەڵەستین