زەحمەتە کەس لە کوردستان و ئەوروپاش هێندەی من هاوڕێی نزیکی شنیار و سەرکەوت بووبێت. بۆیە دوای ماوەیەک بێدەنگیم، بە سەرنجدان لەو تیرۆری کەسایەتییەی ئەو ئافرەتە کە ئێستا دەگوزەرێ، سەرنجەکانی خۆم بە چەند خاڵێک دەخەمەڕوو:
١_ لەو ئێوارەیەوە کە لەناکاو وێنەی شنیار و هەواڵی کاندیدبوونیم لە ماڵپەڕی (درەو) خوێندەوە، تەنانەت لەسەر ئاستی هاوڕێیەتیش هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ شنیار ئەنوەر و سەرکەوت شەمسەدین نەماوە و وەڵامی هیچ پەیوەندییەکیانم نەداوەتەوە و هەردووکیشیانم بلۆک کردووە.
٢_ بۆ مێژوو نزیکەی ساڵێک لەمەوپێش، بڕیاربوو ئەگەر چالاکی سیاسی و کاری پارلەمانی بکەین، لە جوڵانەوەیەکی سەربەخۆدا بیکەین. لەو نێوەندەشدا لەبەردەم ئەو هەموو حیزب و بژاردەیەدا: بینیمان برای بەڕێز د.یوسف محەمەد لەگەڵ کۆمەڵێ ئەکادیمی و خەڵکی دەستپاک و مێژووپاک و خوێنی نوێدا خەریک بوون جوڵانەوەیەکی سیاسی نوێ و سەبەخۆ سەرپێ بخەن، کە لە کۆتاییدا بوو بە لیستی (هەڵوێست). دوای چەندین گفتوگۆی هاوڕێیانە، ئەگەرچی بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لە دەوری ئەو جوڵانەوەیە کۆببوونەوە، خەڵکی بەڕێز و چاک بوون، کەچی بڕیاردان بۆ ئێمە (من و شنیار) قورس بوو. زەحمەت بوو من و شنیار بتوانین لەگەڵیان کاربکەین، ئەوەش زۆرتر پەیوەندی بە ترسمان لە داهاتووی جوڵانەوەکەوە هەبوو، کە بەهۆی فرەمینبەرییەوە دەترساین جیابوونەوە ڕووبدات و ئەوەندەی تر ئۆپزسیۆن لەبەرچاوی خەڵک ناشرین ببێت. بۆیە بڕیارماندا لەگەڵیان کار نەکەین و بێدەنگ دانیشین، هەروامان کرد و لە کۆتاییدا د.یوسف خۆشی لە سەرکردایەتی کردنی جوڵانەوەکە کشایەوە.
٣_ بەڵام وەک ڕێزێک بۆ ئەم هەوڵە نوێیە، خوشک و برایانە (من و شنیار) پەیمانمان بە یەکدی دا کە بەهیچ جۆرێ دژایەتی ئەم هێزە نوێیە نەکەین و فرسەت بدەین، کاربکەن و دەربکەون و خۆیان بسەلمێنن، ئەگەر پێچەوانەی پەیمانەکانیان بوون و کورسی و دەنگی خەڵکیان خستە خزمەتی گیرفان و شەخسیی خۆیانەوە، ئەو کاتە قەڵەممان لە هەرکەسێکی تر زیاتر تیژبێت بەرامبەریان.
٤_ شنیار سەفەری ئەمریکای کردەوە و شەوێک لەپڕ بینیم، زۆر بە قورسی (ئەو هەر ئسلوبی خۆی توندە) لەسەر هاوڕێمان کاک عەلی حەمەساڵحی نووسیبوو، ئەمە هەم شکاندنی پەیمانە ئەخلاقییەکەی نێوان خۆمان بوو، هەم منی زۆر توڕەکرد و ئەوەی بۆم کرا لە هێورکردنەوەی دۆخەکە کردم.
٥_ ئەوەی شنیار خۆی کاندید کرد لەسەر لیستی یەکێتی بۆ من شۆکێک بوو کە سێ ڕۆژ لەماڵەوە خستمی! هاوڕێ زۆر نزیکەکانم شاهیدی ئەو دڵشکانە گەورەیەمن.. بەڵام ئیدی ژیانە و تا زۆر بژی شتی زۆرتریش دەبینی..
٦- ئێستا هەرچییەک ڕووی دابێت و هەرچۆنێک بووبێت ئەوەی دەگوزەرێ بەرامبەر ئەو ئافرەتە، تیرۆری کەسایەتیەتی و من بە زوڵمی دەزانم، ئەوەش گوزارشت لەو هەموو دژەبەرەیە دەکات کە خۆی پێشتر بەسەر خۆیدا کردویەتییەوە (لە دژایەتی ڕژدی شاسوارەوە بۆ دژایەتی پارتی و لەنێو پارتیشدا مەسرور بارزانی، لەوێوە بۆ پەلاماردانی عەلی حەمەساڵح، لەوێوە بۆ دژایەتی قورسی لاهوری شێخ جەنگی، بۆ قسەوتن بە بافڵ و قوباد و شەڕی ئەم کوتلە و ئەو کوتلە......) ئێ سەرەنجام کە وەک ئێستا گڵۆڵەکەت تۆزێ لێژدەبێ، هەموو ئەوانە دەست دەدەنە دەستی یەک و تۆ دادەپڵۆسن. ئێستا ئەو فەرتەنەکردنە بە شنیار لە سۆشیال میدیا دەرئەنجامە، هۆکار نییە.
٧- شنیار مرۆڤێکی خوێنەوار و پر وزە بوو، تموحی سیاسی هەبوو، سەرئەنجام خۆی لە حیزبێکدا دۆزییەوە. ئیدی ناڕاستگۆ بووە لەگەڵ گوتاری پێشوویدا، ئیدی بۆ مووچەی پارلەمانتاری ڕۆشتووە (من قسەم نییە لەگەڵیدا بەڵام ویژدانەن ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە و شنیار بۆ پارەی پارلەمانتاری ئەوە ناکات)، هەرچییەک ڕوویداوە، تیرێکە و لە کەوان دەرچووە، جوێن پێدانی نە شنیار پەشیمان دەکاتەوە، نە باری خواری سەربەخۆ ڕاست دەکاتەوە.
٧- لە کۆتاییدا جەخت دەکەمەوە لەسەر خاڵی یەکەم.