دهنگوباس:
لەشاری ئەنكەرەى پایتهختى توركیا، دوو کۆبوونەوەی ئەمنیی نێوان شاندی عێراقو تورکیا بەڕێوەدەچێتو باس لەپرسە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات دەکرێت، وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش دهڵێت:"سبەینێ لەئەنكەرە، کۆبوونەوەى شاندی باڵای عێراقو تورکیا بەسەرۆکایەتیی فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانو وەزیری دەرەوەی عێراقو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامدەدرێت".
لەڕاگەیەندراوێكدا وهزارهتى دهرهوهى توركیا ئاماژهى بهوهداوه، کۆبوونەوەکە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی گروپی پلاندانانی هاوبەشی تورکیا-عێراق، کە بەشێکە لەڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەپێناو کاری هاوبەش کە لەسەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق واژۆکرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەر سبەینێ چوارەم کۆبوونەوەی "میکانیزم باڵای ئەمنیی" بەڕێوەدەچێتو شاندی بەشداری تورکیا لەکۆبوونەوەکەدا بریتی دەبن لەهاکان فیدان وەزیری دەرەوە، یاشار گولەر وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا "میت"و مونیر کاراڵئۆغڵو جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردنە لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانو پێشهاتەکانی ناوچەکە".
پێش کۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوولا، بڕیارە هاکان فیدانو فوئاد حسێن بەدوو قۆڵیی کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لەعێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەڤگەری ئازادی، پارتی ئازادیی دیموکراتی ئێزدیو بەرەی تێکۆشانی دیموکراسیدا، کە بەنزیک لەپەکەکە ناودەبرێنو بڕیارەکەش لەلایەن تورکیاوە پیشوازیی گەرمی لێکرا.
تورکیا ماوەی چەند مانگێکە بەچڕیی هەوڵی کاری هاوبەش دەدات لەگەڵ عێراقو ئامانجی سەرەکیشی رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە.
تائێستا چەندجارێک یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاردان بۆ دروستکردنی ناوەندێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق، دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.
یەکەم کۆبوونەوەی باڵای ئەمنیی هەردوولا لەدواى سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ ئەنكەرە لەساڵی 2019 بەڕێوەچوو، لەسەردانەکەی هاکان فیدان کە مانگی ئابی 2024 بۆ بەغدادی ئەنجامدا، پرسی گفتوگۆ ئەمنییەکانی نوێکردەوەو لە 19ی کانوونی یەکەمی 2023، لەئەنكەرە دووەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمنیی هەردوو وڵات بەڕێوەچوو.
لە 14ی ئازاریی هەمان ساڵ، سێیەمین کۆبوونەوەی ئەمنیی هەردوو وڵات لە بەغدا بەبەشداریی هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیاو ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا ئەنجامدرایەوە، دیارترین ئەنجامی کۆبوونەوەکەش بۆ تورکیا، ناساندنی پارتی کریکارانی کوردستان بوو لەلایەن عێراقەوە بەڕێکخراوێکی قەدەغەکراو، کۆبوونەوەکەی سبەینێش دەبێتە چوارەمین کۆبوونەوە.
مانگێک دوای بڕیارەکەی عێراقیش، رۆژی 22ی نیسانی ئەمساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانو عێراقی کردو چەند رێککەوتنێک لەبوارە جیاوازەکان لەنێوان هەردوولا واژۆکران، یەکێک لەتەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانیش رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو.
#عێراق