کوردستان

هەڤاڵ ئەبوبەکر ستایشی قوباد تاڵەبانی دەکات

14/08/2024

دەنگوباس
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێتم، "قوباد تاڵەبانی لە هەموو قۆناغەکاندا پشتیوانی بووە لە چارەسەکردنی کێشەکانی سلێمانی".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیکرد لە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی و چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی دەرچوون.

نوسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، "جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکری کرد بەوەی هەمیشە خەمخۆرانە و بە دیدێکی کراوە و بەرپرسیارانەوە هەوڵی خزمەتکردنی هاوڵاتییانی پارێزگای سلێمانی و چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە". لە بەرامبەریشدا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد کە لە هەموو قۆناغەکاندا پشتیوانی بووە لە سەرخستنی کاروبارەکان و چارەسەکردنی کێشە ئیدارییەکانی ناو پارێزگای سلێمانیدا.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی ئەو بڕیارانەی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی دەرچوێندراون، هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی بڕیارەکان بەزووترین کات و بە شێوەیەک جێبەجێ بکرێن کە زۆرترین خزمەتی هاوڵاتییانی پارێزگای سلێمانی بکرێت.
#سلێمانی
#قوباد تاڵەبانی