راپۆرت و چاوپێکەوتن

ئیسرائیل خۆی بۆ بۆردوومانکردنی بەندەری بەسرە لە عێراق ئامادە دەکات

14/08/2024

دەنگوباس
سیاسه‌تمه‌داران و چاودێران پێیانوایه‌ كه‌ عێراق له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌ی ناوچه‌كه‌دایه‌ كه‌ زۆرترین نیگه‌رانی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ و هێرشكردنه‌سه‌ر ئیسرائیل، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییانه‌ی‌ كه‌ ئاسمان و خاكه‌كه‌ی ده‌بێته‌ خاڵی سه‌ره‌كی و ره‌نگه‌ تاكه‌ رێڕه‌وی‌ مووشه‌كه‌كانی ئێران بۆ ئیسرائیل بێت.

رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی نزیك له‌ "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعە" ئەمڕۆ چوارشەممە  بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "عێراق به‌ هۆی دراوسێیه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران و نزیكیی رێژه‌یی له‌ ئیسرائیل، زۆرترین كاریگه‌ری جه‌نگی‌ نێوان تاران و ته‌لئه‌بیبی له‌سه‌ره‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت: "عێراق توانای رێگریكردن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و هێرشه‌ی‌ نییه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌شڵێت: "له‌ حاڵه‌تی‌ ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگدا خاكی عێراق كراوه‌ ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی نیساندا روویدا، كاتێك هه‌موو مووشه‌كه‌كانی ئاسمانی عێراقیان بڕی‌".

سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كه‌ باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "هه‌ر هێرشێكی مووشه‌كیی ئێران به‌ دوو شێوه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، یان له‌ رێگه‌ی مووشه‌كی رێنماییكراوه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر خاكی عێراقدا تێده‌په‌ڕێت، یان له‌ رێگه‌ی ئه‌و مووشه‌كانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ ناو عێراقه‌وه‌ هه‌ڵده‌درێن. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا زۆر قورس ده‌بێت بۆ حكومه‌ت كه‌ رووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی كۆنترۆڵنه‌كردنی بڕیاره‌كانی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ و نه‌بوونی‌ توانای رێگریكردنیان”.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ترسی له‌ "كاردانه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی فراوانتر بۆسه‌ر ئیسرائیل، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داوایان لێ نه‌كرێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و بێكۆنتڕۆڵ ره‌نگه‌ پاڵ به‌ ئیسرائیله‌وه‌ بنێت بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گرنگه‌كانی ناو خاكی عێراق بكاته‌ ئامانج”. 

وتیشی‌: "ماوه‌یه‌ك گوێمان له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیسرائیل بوو بۆ به‌ئامانجگرتنی به‌نده‌ره‌كانی به‌سره‌، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر به‌نده‌ری حوده‌یده‌ی یه‌مه‌نی كردبووه‌ ئامانج، له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌ عێراقییه‌كان بكه‌ونه‌ ململانێیه‌كی كراوه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ته‌لئه‌بیب له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێران".

غازی فه‌یسه‌ڵ دیپلۆماتكاری پێشووی عێراق هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ "توانای سنوورداری حكومه‌تی عێراق" بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

ناوبراو به‌ شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌تی راگه‌یاند كه‌ "به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی قه‌یرانی ناوچه‌كه‌ و جه‌نگه‌ توندوتاوه‌كانی نێوان ئیسرائیل و هه‌ندێك وڵاتی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت ئێران، رۆڵێكی بێلایه‌ن ده‌گێڕێت”.

ده‌شڵێت، "له‌ بنه‌ڕه‌تدا عێراق وڵاتێكی بێلایه‌نه‌ له‌ڕووی سیاسه‌تی حكومه‌ته‌وه‌. راگه‌یاندنی جه‌نگ و ئاشتی - له‌ رووی ده‌ستوورییه‌وه‌ - په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیاری په‌رله‌مانه‌وه‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا حكومه‌تی عێراق چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كات و هه‌وڵده‌دات پاڵ به‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و ئێرانه‌وه‌ بنێت كه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه‌ به‌ قه‌باره‌یه‌كی به‌رفراوان هه‌ڵگیرسا، یان ته‌نانه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی سنووردار، به‌غدا تێوه‌ نه‌گلێنن".

راشیگه‌یاند كه‌ "حكومه‌تی‌ عێراق هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌دا نییه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ (سوپای‌ پاسدارانه‌وه‌) و سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی بێلایه‌نی خۆی ناتوانێت رێگریان لێبكات”.

به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی بێلایه‌نی حكومه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگێك ده‌دات، پێشتر به‌ناو "هه‌ماهه‌نگیی موقاوه‌مه‌ی‌ عێراق"  هه‌ڵوێستی خۆی بۆ پشتیوانی له‌ تاران راگه‌یاند، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراقدا یه‌كناگرێته‌وه‌.
#ئیسرائیل