دهنگوباس:
ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان وهزارهتى پهروهرده لهمهترسییهكى گهوره ئاگاداردهكاتهوهو هۆشدارییدهدات لهئهگهرى بایكۆتكردنى ساڵى نوێى خوێندن لهلایهن مامۆستایانهوه، سكرتێرى ڕێكخراوهكهش ڕایدهگهیهنێت، وەزارەتی پەروەردە پلانی ساڵانەی ڕاگەیاند، بەڵام مەترسی بایکۆت دیسان بابەتێکی جدییەو ئهگهر بایكۆتیش ڕووبدات، كارهساتى گهوره دهقهومێت.
حهسهن عومهر سکرتێری ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان لهژێر ناوى (وەزارەتی پەروەردە پلانی ساڵانەی ڕاگەیاند، بەڵام مەترسی بایکۆت دیسان بابەتێکی جدییە) پهیامێكى بڵاوكردووهتهوهو نووسیویهتى:"ئاخر لەپای چی لەساڵی 2014 تا 2024 کە دەکاتە 10 ساڵ، پڕۆسەی پەروەردە بەوجۆرە تووشی شەلەل ببێت!، مووچە کراوەتە مۆتەکەو وڵاتێکی پڕ سامانی وەک کوردستان کە نوقمی ملیاران دۆلار بووە، 10ساڵ مامۆستاکانی خۆت بێ نان بکەیتو هەر بڵێیت نییە!".
ئهوهشى باسكردووه، "پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی کەسییو حزبییو نەوەکانمان نەخوێندەوارو نەزۆک بکرێن لەپەروەردەو زانستو کلتوورو بەها باڵاکان!".
هۆشداریشدهداتو دهڵێت: لەڕاستیدا من وەک چاودێرو خزمەتکار لەو بوارەدا، ڕایدەگەیەنم، ئەمساڵ خوێندن پەکی بکەوێت، ئەم مەترسیانە چاوەڕێی داهاتووی نەوهکانمان دەکەن:
یەکەم: نەخوێندەوارییەک کە ئەوسەری دیار نابێت.
دووەم: لادانە کۆمەڵایەتیو یاساییەکان.
سێیەم: نەمانی ڕێزو شکۆی خوێندنو زانست لای قوتابیو تەنانەت نەمانی شکۆی مامۆستا!
چوارەم: بڵاوبوونەوەی هەزاران کافتریاو باڕو قومارخانەکان، کە وردە وردە دەبنە جێگرەوەی زانستگەو قووتابخانەکان!
پێنجەم: نەمانی ئینتمای نیشتمانیو بەسووک سەیرکردنی ڕەمزەکانی وڵات لەلایەن قوتابیانو نەوەی تازە.
شەشەم: لەگۆڕنانی تواناکانی داهێنانو گۆڕانکاریی لەبیرو هەستی زانستخوازانو قوتابیانی وڵات.
حەوتەم: لاوانو قوتابیان دەکەونە کەڵکەڵەی هەڵاتنو جێهێشتنی نیشتیمان، کە دواجار وڵاتێکی پیرو بێ بەرهەم دەمێنێتەوە.
هەشتەم: زۆربوونی تاوانو لادانەکان، کە دواجار بۆ ئەمەش داخوازیی داهاتێکی گەورە دەکات کە لەهەندێک وڵاتی وەک ئەمریکا 100 ملیار دۆلار ساڵانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکان دابیندەکرێت، ئێمە چی؟!
لەکۆتاییدا وتوویهتى:"دەخوازم دەسەڵاتداران لەبەر خۆشتان بێت وازبێنن لەبنکۆڵکردنی پەروەردەو فێرکردنو بۆ جارێکیش بێت بەقسەمان بکەن".
#باشووری کوردستان