دهنگوباس:
پەرلەمانى عێراق کار بۆ پەسندکردنى پڕۆژەیاسایەک دەکات بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پارانەى بەهۆى گەندەڵییەوە براونەتە دەرەوە، بەشێوەیەک کە هەر مامەڵەیەک لەنیو ملیۆن دۆلار زیاتربێت، لێکۆڵینەوەو هەر هەژمارێکى بانکی زیاتر لەملیۆنێک دۆلارى تێدابێت وردبینى تێدادەکرێت، هەروەها لێکۆڵینەوە لەمامەڵەى دارایی ئەو بەرپرسە باڵایانە دەکرێت، کە لە2004وە پۆستیان وەرگرتووە.
لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەى پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەى داهاتى گەندەڵى" ئامادە دەکات، بۆئەوەى خوێندنەوەى دووەمی بۆ بکرێتو دواتریش پەسندبکرێت.
ئهمڕۆ سێشەممە کەریم شوکر جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکى لهپەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، "بڕیارە مانگی داهاتوو پڕۆژەیاساکە لەپەرلەمان پەسندبکرێت".
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى داهاتى گەندەڵى، گەڕاندنەوەى ئەو پارەو موڵکانە لەئەستۆى دەستەى دەستپاکیى عێراقە بەهاوکاریى داواکارى گشتییو دادگاکانو چەند جۆرێک دەگرێتەوە، پارەى هەر تاوانێکى گەندەڵى یان پارەى نرخى هەر موڵکێک کە بەهۆی گەندەڵییەوە کڕدرابێت، ئەگەر پارەکە تێکەڵ بەپڕۆژەک کرابێت، ئەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە هاوبەشیی پێکراوە.
یاساکە دەسەڵات بەدادگا تایبەتمەندەکان دەدات کە بەکاتى پارەى تۆمەتبارێک لەبانکەکان بلۆک بکات، یان دەستبەسەر موڵکەکەیدا بگرێت بۆ ماوەى 30 ڕۆژو دەشتوانرێت ئەو موڵکانە بەتەواوى دەستیان بەسەردابگیرێت کە بەهۆى پارەى گەندەڵییەوە کڕدراون.
یاساکە دامەزراوە داراییەکان لەعێراق ناچاردەکات بەسەرپەرشتىو چاودێریى بانکى ناوەندیی، لێکۆڵینەوە لەناسنامەى ئەو مامەڵەکارانە بکات، کە زیاتر لەیەک ملیۆن دۆلار لەهەژماری بانکییاندا هەیە، وردبینییش لەو هەژمارە بانکییانە بکات کە پلە باڵاکانو ئەندامانى خێزانەکانیانو کەسە نزیکەکانیان دەیکەنەوە، ئەو هەنگاوەش بۆ ماوەى سێ ساڵ دواى بەجێهێشتنى پۆستەکانیان بەردەوامدەبێت.
ئەو پڕۆژەیاسایە لە 45 ماددە پێکهاتووە، لە ساڵى 2021ـەوە داڕێژراوە، بەڵام ساڵى 2023 لەلایەن حکومەتەوە نێردرا بۆ پەرلەمان.
دواى 30 رۆژ لە کارابوونى یاساکە، دەبێت دەستەى دەستپاکى لە ماوەی مانگێکدا لیستى ناوى خاوەن پلە باڵاکان و خێزان و کەسە نزیکەکانیان بداتە بانکى ناوەندى و ئەو بانکەش دەیداتە دامەزراوە داراییەکان بۆئەوەى وردبینیى تێدا بکرێت.
هەر مامەڵەیەک کە پارەکەى لە 500 هەزار دۆلار زیاتر بێت، پێویستە دامەزراوە داراییەکانى بانکى ناوەندى لێ ئاگادار بکرێتەوە، بۆئەوەى لە رێگەى دەستەى دەستپاکییەوە لێکۆڵینەوەى پێویستی لەبارەوە بکرێت.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق باس لهوهشدهكات، "پەسندکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە گرنگە، چونکە گەڕاندنەوەى ئەو پارەنەى بەهۆى گەندەڵیەوە بەدەستهاتوونو براونەتە دەرەوە عێراق، پێویستى بەرێکارە بۆ گەڕاندنەوەى".
یەکێکى دیکە لەماددەکانى پڕۆژەیاساکە ئەوەیە کە دەبێت سەرجەم مامەڵە داراییەکانو حەواڵەو قەرزە حکومیەکان کە لەلایەن پلە باڵاکانى پێشوو لەگەڵ خێزانەکانیان کراون لەیەکى کانوونى دووەمى 2004وە بانکى ناوەندى لێ ئاگاداربکرێتەوە.
#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست