کوردستان

پارێزگارى نوێى كه‌ركووك په‌یامێك ئاراسته‌ى توركمانه‌كان ده‌كات

13/08/2024

ده‌نگوباس:

ڕێبوار ته‌ها دواى وه‌رگرتنى مه‌رسوومى سه‌رۆك كۆماریى بۆ بوونى به‌پارێزگارى كه‌ركووك، به‌ناوى پارێزگاره‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "كه‌ركووك ده‌كه‌ینه‌ مه‌ڵبه‌ندێكى نموونه‌یی پێكه‌وه‌ ژیان له‌عێراقدا"، ده‌شڵێت:"بەرکەوتەکانی پێکهاتەی تورکمان پارێزراوەو هەموو مافەکانی خۆیان وەردەگرن".


ڕێبوار ته‌ها له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا نووسیویه‌تى:"ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆشکی سه‌لام له‌بەغدا، مەرسوومی کۆماریم لەد. له‌تیف جەمال ڕەشید سەرۆك کۆماری عێراق وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک وەرگرت".

جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، "کاری جددی دەکەین لەپێناو پاراستن‌و پتەوکردنی پێکەوەژیان لەنێوان سەرجەم هاووڵاتیانی شاری کەرکووک‌و پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان، جەختیشدەکەینەوە کە کەرکووک دەکەینە مەڵبەندێكی نموونەیی بۆ پێکەوەژیان".

له‌په‌یامێكیشدا بۆ توركمانى شاره‌كه‌ى، پارێزگارى نوێى كه‌ركووك ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "جارێکی دیکە بۆ هەمووانی ڕووندەکەینەوە کە بەرکەوتەکانی پێکهاتەی تورکمان پارێزراوەو هەموو مافەکانی خۆیان وەردەگرن، کاری داهاتوومان کاری ئاوەدانی‌و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی‌و باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی ئازیزی کەرکوک دەبێت بێ جیاوازیی".


#کەرکووک