دهنگوباس:
ئەلێکسی سمیرنۆڤ پارێزگاری ناوچەی کورسکی ڕوسیا بەوەکالەت ڕایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا لەشهشىی ئابەوە دەستیان بەدەستدرێژی چەکداریی بۆ سەر ناوچە سنورییەکان کردوەو 28 شارۆچکەیان لەناوچەکە کۆنترۆڵکردوە.
لەمیانی ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، سمیرنۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنی ئۆکرانیا بەقوڵایی 12 کیلۆمەترو پانیی 40 کیلۆمەتر لەناوچەکە درێژدەبێتەوە، هەروەک سوپای ڕوسیا ماوەی شەش ڕۆژە هەوڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکی ئۆکرانیا دەدات.
سمیرنۆڤ ڕایگەیاندوە، ژمارەی کوژراوانی مەدەنیی گەیشتوەتە 12 کەسو 121 بریندار کە 10یان منداڵن.
هەروەک ئاشکرایکرد، بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئۆکرانیاوە نزیکەی 121 هەزار کەس لەناوچە سنورییەکان چۆڵکراون.
لای خۆیەوە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا جەختی لەوەکردوهتەوە، ئۆکرانیا هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ڕوسیا دەدات لەڕێگەی ئەم دەستدرێژییەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، ئەم ڕێبازە سەرکەوتوو نابێت.
ناوبراو لەکۆبونەوەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، زیانەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکاتو جەختیکردوهتهوه، دوژمن ڕوبەڕوی وەڵامێکی گونجاو دەبێتەوەو ئامانجەکانی ڕوسیا بەدیدەهێنرێن.
#ئۆکرانیا