بیروڕا

کەرکووک حکومەتی سروشتی وەک ئەوەی پێویستە وابێت

12/08/2024
شێخ له‌تیف مسته‌فا

بۆ یەکەمجارە لەکوردستان‌و لەعێراقیش حکومەتی زۆرینەی سیاسیی لەکەرکووک لەدایک دەبێت کە هەنگاوێکی نوێیە لەدوو ڕوەوە:

یەکەم:  لەڕووی ئەوەی کە تائێستا هەرچی حکومەتیکی لۆکاڵی لەسەر ئاستی پارێزگاکان یان لەهەرێمی کوردستان یان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ دروست بووە، حکومەتی بەشداریی‌و پشکپشکێنەی هەمووان بووەو هیچ لایەک نەبووە بەئۆپۆزسیۆن‌و چاودێریی حکومەت بکات، بۆیە گەندەڵی‌و خراپ بەکارهێنانی لێکەوتووه‌تەوە، ئەمجارە لەکەرکووک زۆرینە (بەڵام زۆرینەی سیاسی) حکومەتی محەلی پێکهێناوە.

دووەم: بۆ یەکەمجارە تەجاوزی ئەوە دەکرێت کە حکومەت لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان ئایینی‌و مەزهەبی پێکبهێنرێت، واتە لەو زۆرینەیەی کە لەحکومەتدا بەشدارە زۆرینەی پێکهاتە نەتەوەییەکانی کەرکوک بەشدارن، لەبەرامبەریشدا لەئۆپۆزسیۆنیش هەموو پێکهاتەکانی تێدان.

واتە ئیتر لایەنی زۆرینە بەناوی زۆرینەی سیاسی هەموو کەرکووکیەکان دەبێت حکومڕانی بکات‌و ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت وەک ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی چاودێریی حکومەت بکات‌و ڕەخنەو کەموکوڕییەکانی دیاریبکات دوور لەحەساسیەتی نەتەوەیی، چونکە ئیتر وەک جاران نییە حکومەتی لۆکاڵى کەرکووک لەسەر کورد حیساب بکرێ‌و عەرەب‌و تورکمان سەنگەری لێبگرن وەک ئەوەی تاساڵی 2017 هەبوو.

یان حکومەتی عەرەبی بێت‌و کورد بەهی خۆی نەزانێت وەک ئەوەی لەدوای ساڵی 2017وەو وابوو، ئەمەش سەرەتایەکی باشە بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینەی سیاسی‌و حکومەتی هاووڵاتی، واتە حکومەتی لۆکاڵی کەرکوک ئیتر هەوڵبدات ببێتە حکومەتی  هاوڵاتی کەرکووک نەک حکومەتی  پشکپشکینەی نەتەوەیی کە لەڕابردوودا هیچ سودێکی بۆ کەرکوک نەبووە جگەلەوەی کە حزبەکان‌و بەرپرسەکانیانی بەناوی ئەو پێکهاتانەوە کە نوێنەرایەتیان دەکرد دەوڵەمەند کردووەو میلەتی هەژاری کەرکووک لەهەموو پێکهاتەکانی هیچ خێرێکی لێی نەبینیوە.

سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە بەتایبەتی لەشارێکی فرەیی وەک کەکوک دەرگای مۆدێلێکی نوێی حکومڕانی دەکاتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنی کارێکی وا ئاسان نییە پێویستی بەعەقڵیەتێکی مۆدێرن‌و ئارام‌و لەسەرخۆیە، جگەلەوە، هەندێ لەو هێزانەش کە لەکۆبوونەوەی دوێنێ بەشدارنەبوون، بەدڵنیاییەوە بەهەوڵی وڵاتی هەرێمی هەوڵی شکستپێهێنانی دەدەن.

ئەمڕۆ لەکۆنگرە ڕۆژنامەنوزسیەکەی هاوپەیمانی عەرەبی لەکەرکووک، هەندێکیان بەئاشکرا هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر پارێزگار لەدەستی ئەوان وەک عەرەب دەربچێت، ئەوا کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ناجێگیریی سیاسی، واتە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ  پەنابردنەبەر تیرۆرو تەقاندنەوە، بۆیە پێویستە زۆر بەوریاییەوە کاربکرێت‌و نەهێڵدرێت پیلانی پیلانگێڕان سەربگرێت.

هیوای سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە دەکەین بۆ کەرکووک‌و هیواداریشین لەهەموو حکومەتەکانی تر لەداهاتوو، چ لەهەرێم یان لەعێراق حکومەتی زۆرینەی سیاسی جێگه‌ی حکومەتی پشکپشکێنەی حزبی بگرێتەوە.