کوردستان

عێراق.. سلێمانى‌و دهۆك به‌خاوه‌نى هه‌وایه‌كى پاك‌و هه‌ولێریش وه‌ك شارێك كه‌ هه‌وایه‌كى پیسى هه‌یه‌ ناوده‌بات

11/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى دوایین ڕاپۆرتى ڕێكخراوى گه‌شه‌پێدانى ژینگه‌ى عێراق، هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانى سلێمانى‌و دهۆك وه‌ك پاكترین هه‌واى شاره‌كانى عێراق ناوده‌بات‌و هه‌ولێریش وه‌ك شارێك كه‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى خراپى هه‌یه‌ ده‌ناسێنێت، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، شه‌ش شارى عێراق ژیان تێیاندا مه‌ترسیداره‌.


له‌و ڕاپۆرته‌دا ڕێكخراوى گه‌شه‌پێدانى ژینگه‌ى عێراق ئاشكرایكردووه‌، "دهۆك له‌ڕیزبه‌ندى ئه‌و پارێزاگایانه‌دایه‌ كه‌ كه‌مترین ڕێژه‌ى پیسبوونى هه‌وایان هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك دهۆك‌و پله‌ى یه‌كه‌م‌و موسڵ پله‌ى دووه‌م‌و سلێمانیش له‌پله‌ى سێیه‌مى شاره‌كانى عێراقدان".

ئه‌وه‌شى ڕوونكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام شاره‌كانى (هه‌ولێر، كه‌ركوك‌و تكریت) له‌وشارانه‌ش كه‌ كه‌شوهه‌وایان خراپه‌ له‌سه‌ر ئاستى شاره‌كانداو ناویان هاتووه‌.

ناوهێنانى هه‌ولێر له‌ڕیزبه‌ندى شاره‌ پیسه‌كانى عێراق دواى ئه‌وه‌دێت، ژماره‌یه‌كى زۆر پاڵاوگه‌ى نایاسایی له‌سنوورى ئه‌و پارێزگا بوونیان هه‌بووه‌و هه‌فته‌ى ڕابردووش پارێزگارى هه‌ولێر بڕیاریدا به‌داخستنیان، به‌ڵام ڕاپۆرته‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، تائێستا به‌شێكى زۆرى پاڵاوگه‌و ئه‌و كارگانه‌ى كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پیسبوونى ژینگه‌ى شاره‌كه‌ هه‌یه‌، به‌رده‌وامن له‌كاركردن.

هه‌ر له‌ڕاپۆرته‌كه‌ى ڕێكخراوى گه‌شه‌پێدانى ژینگه‌ى عێراقدا هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانى (كوت، دیوانیه‌، بابل، به‌غدا، ڕومادى‌و دیاله‌) له‌ڕیزبه‌ندى ناته‌ندروستترین شاره‌كانى عێراقدا ناویان هاتووه‌.

یه‌كێكى تر له‌ڕیزبه‌ندیى ڕاپۆرته‌كه‌، (شاره‌ ته‌واو ناته‌ندروسته‌كان‌و مه‌ترسیداره‌كان)ه‌، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانى (سه‌ماوه‌، نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا، عه‌مماره‌، ناسریه‌و به‌سره‌) ناویان هاتووه‌و جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، ژیان له‌وشارانه‌دا به‌مه‌ترسى داده‌نرێت.


#باشووری کوردستان