جیهان

زێلێنسکی جه‌نگه‌كه‌ى پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌و هه‌زاران سه‌ربازیى ئۆكرانى چوونه‌ ناو خاكى ڕووسیاوه‌

11/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌یانى ئه‌مڕۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگه‌یاند، وڵاتەکەی دەیەوێت جەنگ بگوازێتەوە بۆناو خاکی ڕووسیا، لەکاتێکدا لەڕۆژی سێشەمەی ڕابردووەوە هێزەکانی ئۆکرانیا ناوچەی کورسک چوونەتە ناو خاکی ڕووسیاو تائێستا کیێڤ هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە نەداوە.


زێلێنسکی ئاشكرایكرد، هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوامن لەفشارخستنەسەر هێزەکانی ڕووسیا، بەئاماژەدان بەڕاپۆرتە دووبارەبووەکانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا سەبارەت بەجموجۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیا‌و گواستنەوەی شەڕەکە بۆ خاکی رووسیا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاشكرایكرد، هێزەکانیان ڕووبەڕووی لەشکرکێشی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان بوونەتەوە.

ڕوسیا سیستمێکی ئەمنی فراوانی لەسێ ناوچەی سنووریدا سەپاندووە، هەروەها هێزەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا لەسەرەتای جەنگەوە لەساڵی 2022 کۆکردووه‌تەوە.

ئاژانسی ئەتۆمیی ڕوسیا، (ڕۆساتۆم) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هێرشی سنووربەزاندنی ئۆکرانیا مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی کورسک درووستدەکات کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕووسیا لەنزیک سنووری ئۆکرانیاو مەترسییەکی ڕاستەقینەی لێدان یان ئیستفزازکردن لەلایەن سوپای ئۆکرانیا هەیە.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، لیژنەی نیشتمانیی دژەتیرۆری ڕوسیا ڕایگەیاند، خەریکە ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆر لەناوچەکانی بێلگۆرۆد، برایانسک‌و کورسک دەستپێدەکات، بەئامانجی دڵنیابوون لەسەلامەتیی هاوڵاتیان‌و ڕێگریکردن لەهەر هەڕەشەیەک.

كاربەدەستێكی باڵای ئۆكرانیاش باسیان له‌وه‌كردووه‌، هەزاران سەربازی ئۆكرانی بەشداریی لەو ئۆپەراسیۆنە دەكەن كە گەیشتووەتە ناو خاكی ڕووسیا بەئامانجی پیشاندانی خاڵە لاوازەكانی ڕووسیاو فشارخستنەسەر مۆسكۆ بۆ كۆتاییهێنان بەم شەڕەی دوو ساڵ‌و نیوە هەڵگیرساوە.

بەگوێرەی میدیای ئەمریكی، ئەو كاربەدەستەی ئۆكرانیا كە نەیویستووە ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت "ئێمە لەئێستادا لەحاڵەتی هێرشداین‌و ئامانجەكەش ئەوەیە شەڕەكە بخەینە ناو خاكی ڕووسیاو ناسەقامگیریی لەوێش ڕووبدات".

سەبارەت بەڕاگەیاندنەكانی ڕووسیا كە دەڵێن هێرشەكەی ئۆكرانیا كە لەڕۆژی سێشەممەوە دەستیپێكردووە، تەنها نزیكەی هەزار سەربازە، ئەم كاربەدەستە ئۆكرانییە دەڵێت، "ڕووسیا ڕاست ناڵێت‌و ژمارەكە زۆر زیاتره‌و بەڵكو هەزاران سەربازیشن".

وتووشیه‌تى، "هێرشەكە ورەی لەشكرو خەڵك‌و حكومەتی ئۆكرانیای زۆر بەرزكردووەتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەلماندی كە ئێمەش دەتوانین هێرشبكەین‌و پێشڕەوی بكەین، پێدەچێت هێزەكانی ڕووسیا كێشەی هەماهەنگییان هەبێت‌و ئامادەییان نەبێت بۆ هێرشێكی لەمجۆرە".


#ئۆکرانیا