بەگوێرەی راپرسیەكی نوێ كە رۆژی شەممە بڵاوكراوەتەوە كامالا هاریس، كاندیدی دیموكراتەكان لە سێ ویلایەت، كە ئەنجامەكانیان یەكلاكەرەوەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، پێش دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان كەتووە.
ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرۆكی پێشوی ئەمریكا ئەو پێشكەوتنەی لە دەستداوە كە بەدرێژایی ساڵی رابردوو لەو ویلایەتانە هەیبووە.
بەگوێرەی راپرسیەكە، كە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزو كۆلێژی سیینا كۆلیدج، ئەنجامیانداوە، دەركەوتووە هاریس بەچوار خاڵی سەدی لەپێش ترەمپەوەیە (50%)لە بەرامبەر (46%) لە هەریەك لە ویلایەتەكانی میشگان و پەنسلڤانیاو ویسكۆنسن.
ئەو سێ ویلایەتە كە دەكەونە ناوەڕاستی خۆرئاوای وڵات و خاوەنی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانن, یەكلاكەرەوەن لە دیاریكردنی كاندییدی سەركەتوو لە هەڵبژاردنی رۆژی پێنجی تشرینی دووەمی داهاتوودا.