کوردستان

سه‌ركردایه‌تیه‌كى یه‌كێتى به‌پارێزگارى كه‌ركووك هه‌ڵبژێردرا

10/08/2024

ده‌نگوباس:

ئەمشەو نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە پێکهاتوون لەپێنج ئەندامانی یەکێتی، ئەندامێکی کریستیان‌و سێ ئەندامی عەرەب، چوونە هۆڵی کۆبوونەوە لەبەغداو كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگایان ئه‌نجامدا، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، ڕێبوار ته‌ها ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاو سه‌رۆكى لیستى یه‌كێتى كه‌ هاوكات ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌شه‌، به‌پارێزگارى كه‌ركوك هه‌ڵبژێردرا.


 به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌به‌غداوه‌ تایبه‌ت ده‌ست "ده‌نگوباس" كه‌وتووه‌، ئه‌مشه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باڵا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام به‌بێ ئاماده‌بوونى پارتى‌و توركمان‌و به‌شێك له‌عه‌ره‌به‌كان.

 سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌شارى به‌غداوه‌ تایبه‌ت به‌ده‌نگوباسى ڕاگه‌یاند، "ئه‌مشه‌و هه‌ریه‌ك له‌بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتى، ڕه‌ییان كلدانى سەرۆکی بزوتنەوەی بابیلۆن، ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، خالید شوانى وه‌زیرى دادو نوێنه‌رى تایبه‌تى سودانى‌و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى حزبى ته‌قه‌دووم كۆبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى حكومه‌تى خۆجێى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكه‌ن‌و یه‌كلاى بكه‌نه‌وه‌".

 وتیشى:"ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى حكومه‌تى خۆجێى كه‌ركوك بوو، به‌ڵام بۆ به‌شداریى له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌، بانگهێشتنامه‌ بۆ توركمان‌و به‌شێك له‌عه‌ره‌به‌كان‌و پارتى دیموكراتى كوردستانیش نه‌نێردراوه‌".

میدیاى نزیك له‌یه‌كێتى‌و پارتیش ئاشكرایانكردووه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕێكه‌وتن كراوه‌و بڕیاردراوه‌، ڕێبوار ته‌نها سه‌رۆكى لیستى یه‌كێتى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك‌و هاوكات ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌پارێزگارى كه‌ركوك‌و محەمەد حافز-یش بەسەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردران.


#باشووری کوردستان