دهنگوباس:
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لەسەر حاڵەتێك هۆشداری بەشۆفێران دەداتو دەڵێت:"دەستبەسەر ئۆتۆمبیلەكەدا دەگرێتو ڕووبەڕووی سزای داراییان دەكاتەوە".
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان بڵاویكردەوە؛ هەندێ حاڵەت پەیدا بووە کە شۆفێر تابلۆی دواوەی ئوتۆمبێلەكەی لێدەکاتەوە، بۆ ئەوەی لەکامێرای تیژڕەوی تۆمارنەکرێن، هاووڵاتیانیش وێنەیان بۆمان دەگرنو ئێمەش ڕێوشوێنی یاسایی توندیان لەبەرامبەر دەگرینەبەر.
بەڕێوەبەرایەتییەكە هۆشداریی بەشۆفێران دەدات كە؛ هەر شوفێرێک بەو حاڵەتەوە بگیرێت، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێتو ڕووبەڕووی سزایەکی دارایی توند دەکرێتەوە.
هاتووچۆی گەرمیان ئاماژە بەوەدەكات، خۆتان لەو جۆرە سەرپێچییە بەدووربگرن، چونکە ئەگەر نەکەونە بەرچاوی ئەفسەرو کارمەندانی هاتووچۆ، هەزاران هاوڵاتی بەرپرسو هاوکار هەن کە وێنەو ڤیدیۆتان دەگرن ڕەوانەی هاتوچۆی گەرمیانی دەكەن، بۆیە بۆ سەلامەتی خۆتانو شوفێرانی دیکە، پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆبن.
#باشووری کوردستان