کوردستان

به‌بێ پارتى‌و توركمان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باڵا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

10/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌به‌غداوه‌ تایبه‌ت ده‌ست "ده‌نگوباس" كه‌وتووه‌، له‌ئێستادا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باڵا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام به‌بێ ئاماده‌بوونى پارتى‌و توركمان‌و به‌شێك له‌عه‌ره‌به‌كان، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت:"ئه‌مشه‌و كێشه‌ى حكومه‌تى خۆجێى كه‌ركوك یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌".


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌شارى به‌غداوه‌ تایبه‌ت به‌ده‌نگوباسى ڕاگه‌یاند، "له‌ئێستادا هه‌ریه‌ك له‌بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتى، ڕه‌ییان كلدانى سەرۆکی بزوتنەوەی بابیلۆن، ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، خالید شوانى وه‌زیرى دادو نوێنه‌رى تایبه‌تى سودانى‌و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى حزبى ته‌قه‌دووم له‌كۆبوونه‌وه‌دان".

وتیشى:"ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى حكومه‌تى خۆجێى كه‌ركوكه‌، به‌ڵام بۆ به‌شداریى له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌، بانگهێشتنامه‌ بۆ توركمان‌و به‌شێك له‌عه‌ره‌به‌كان‌و پارتى دیموكراتى كوردستانیش نه‌نێردراوه‌".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌، "بڕیاره‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ركرده‌ باڵایانه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجام بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانى كه‌ركوك، ئه‌وا ئه‌و پۆستانه‌ى به‌ر پارتى‌و توركمان‌و به‌شێك له‌عه‌ره‌به‌كان ده‌كه‌ون، به‌به‌تاڵى ده‌هێڵدرێنه‌وه‌و دواتر ئه‌گه‌ر پێیى ڕازیبوون پێیان ده‌درێت، ئه‌گه‌رنا، هه‌ر خوودى لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مشه‌وى به‌غدا، خۆیان ئه‌و پۆستانه‌ش پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌".

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش دواى ئه‌وه‌دێت، سبەینێ دوا وادەی دەستوریە بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مشه‌وى به‌غداش هه‌وڵى یه‌كێتیه‌ له‌گه‌ڵ سێ ئەندامی عەرەب‌و ئه‌ندامێكى كریستیان بۆ ئه‌وه‌ى لەهۆتێل ڕەشیدی بەغدا کۆببنه‌وه‌.