فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لە لێدوانێكی نوێدا جەخت دەكاتەوە كە "هیچ كێشەیەك نییە" بۆ خەرجكردنی موچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێم و لە چەند رۆژی داهاتودا لەلایەن بەغداوە خەرج دەكرێت.
فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئەمڕۆ شەممە، بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوە"تاوەكو ئێستا هیچ كێشەیەك نییە بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ناو و داتای موچەخۆران و لیستی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دراوەتە وەزارەتی دارایی عێراق."
لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی خەرجكردنی مووچەوە، فارس عیسا وتویەتی، "دواكەوتنەكە بەهۆی پڕۆسەی وردبینیكردنەوە بوە، خەرجكردنی مووچە دواناكەوێت و لە چەند رۆژی داهاتودا خەرج دەكرێت."
رۆژی 7ی ئەم مانگە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوتی موچەخۆرانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بە بەغدا و ناردنی ناو و زانیاریی تەواوی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بۆ یەکەم جار بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، پرۆسەی وردبینی لەو دو لیستە دیار نییە چەندی پێدەچێت.
#مووچە