جیهان

لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک 100 کەس کوژران

10/08/2024

بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە دەڵێت، ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەک و 90 بۆ 100 کەس کوژران، ئەمەش جگە لە برینداربوونی نزیکەی 45 کەسی دیکە. ئیسرائیلیش دەڵێت، "هێرشمان کردووەتە سەر ناوەندێکی حەماس."
 
رۆژی شەممە مەحموود بەسال، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، "ژمارەی ئەوانەی کوژراون ئێستا لە نێوان 90 بۆ 100 کەسە و دەیانی دیکەش بریندارن. ئیسرائیل بە سێ مووشەک هێرشی کردە سەر ئەو قوتابخانەیەی کە چەندین ئاوارەی فەلەستینی لەخۆ گرتبوو".
 
جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی رایگەیاند، "هێرشەکە لەکاتی نوێژی بەیانیدا بووە" و کوشتنی ئەو ژمارە زۆرەش لە خەڵک ناونراوە "کۆمەڵکوژیی نوێژی بەیانی".

نووسینگەی میدیایی غەززە رایگەیاند، "لە هێرشەکەی ئەم بەیانییە 100 کەس شەهید بوون". ئیسماعیل سەوابتە، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەکە وتی، زۆربەری بریندارەکان برینیان سەختە.

ئیسرائیل دانی بە هێرشەکەدا نا و بڵاویکردەوە، "لە قوتابخانەی تابعین ناوەندێکی فەرمان و کۆنترۆڵی حەماسمان کردە ئامانج لە گەڕەکی دەراج".
#ئیسرائیل