کوردستان

سه‌باره‌ت به‌ترس‌و تۆقاندن له‌نێو كه‌مپه‌كانى بادینان وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم وه‌ڵامده‌داته‌وه‌

09/08/2024

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ جۆره‌ ترس‌و تۆقاندنێك له‌نێو كه‌مپه‌كانى ده‌ڤه‌رى بادینان نییه‌"، ده‌شڵێت:"هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە گوایە بەشێکی ئاوارەکان بەهۆی هەبوونی ترسەوە کەمپ جێدێڵن‌و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لەشنگال".
 
ڕاگەیه‌ندراوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوەو باسى له‌وه‌كردووه‌، "دوای بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆو هەواڵی نادروست سەبارەت بەگەڕانەوەی ئاوارەکان لەکەمپێک لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەپارێزگای دهۆک کە "گوایە بەهۆی هەبوونی ترسەوە کەمپەکە جێدێڵن‌و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لەشنگال، ئێمە سەرجەم ئەو هەواڵە نادروست‌و دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە".
 
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان دەشڵێت، "سەرجەم دانیشتووانی کەمپەکان دڵنیادەکەینەوە کە هەرێم هەمیشە وەک لانکەی پێکەوەژیان‌و یەکتر قبووڵکردن دەمێنێتەوەو ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بەکراوەیی دەهێڵێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی ئارەزوومەندانەو سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
 
ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "کەمپەکان شوێنی خەڵکی سڤیل‌و لێقەوماون‌و بەباشی پارێزراون‌و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت سیمای پێکەوەژیان، یەکتر قبووڵکردن‌و لێبووردەیی ئەو شوێنانە بشێوێندرێت".


#باشووری کوردستان