رۆژهەڵاتی ناوەراست

له‌بڕیارێكى نوێى حكومه‌تى عێراقدا هاوڵاتیان ده‌توانن به‌قیست پێداویستیه‌كانى ڕۆژانه‌یان بكڕن

09/08/2024

ده‌نگوباس:

بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی خۆراك‌و پێداویستییەكانی دیكە، وەزارەتی بازرگانی عێراق كار بۆ كردنەوەی ناوەندەكانی بازاڕكردن (هایپەرمارکێت) دەكات‌و هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی بانكەكانەوە كاڵاوشمەكەكان بەشێوەی قیست بكڕن.

محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەكەی کار بۆ کاراکردنەوەی ناوەندەکانی بازاڕکردن بەسیستەمی (هایپەرمارکێت) بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی خۆراک دەكات، ئەوەش بەئامانجی سودگەیاندنە بەتوێژە هەژارەكانی وڵات.

وتیشی:"سەنتەرەکان هەمو ئەو پێداویستییە خۆراکیانە لەخۆدەگرن کە هاوڵاتیان پێویستییان پێیەتی، هەروەها بڕیاروایە لەڕێگەی بانكەكانەوە بەبڕی (10 بۆ 25) ملیۆن دینار کاڵاوشمەكەكان بەشێوەی قیست بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن".

حەنون وتووشیه‌تى:"وەك دەستپێكی كارەكەمان ئەم مانگە، سێ سەنتەر لەشارە جیاوازەكان بكرێتەوەو دواتریش (15) سەنتەری دیكە دەكرێنەوە، لەهەنگاوەكانی دواتری وەزارەتی بازرگانی عێراق كردنەوەی سەنتەرە لاوەكییەكانە لەقەزاو ناحییەكانی دیكەی وڵاتدا".

وتەبێژەكەی وەزارەتی بازرگانی ڕاشیگەیاندوە، "بۆ دابینكردنی كاڵاوشمەكە جۆربەجۆرەكان، پشتبەستن بەکەرتی تایبەت‌و بەچاودێریكردنی تەواوی حکومەت دەبەسترێت‌و لەوبارەیەشەوە بەرنامەی هاوبەشی تایبەت بەهەردوو كەرتەكە ئامادەكراوە".


#عێراق