کوردستان

له‌قه‌ره‌داغ پێكدادان ڕوویداو دوو كارمه‌ندى ئاسایش كوژران

09/08/2024

لەپێکدادانێکی چەکداریدا لەسنووری قەزای قەرەداغ، دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت، "چەکدارەکان ویستوویانە شوێنەواری (نەرامسین) دەربهێنن‌و بیبەن".
 
عەقید سەلام عەبدولخالق لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد، "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانمان‌و گرووپێک چەکدار، دوو ئەنداممان شەهیدبوون".
 
هاوکات ڕەئووف شێخ کەمال قائیمقامی قەزای قەرەداغ باسى له‌وه‌كرد، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ چەند کەسێکی نەناسراو لەچیای قەرەداغ ڕووبەڕووی یەکبوونەتەوە؛ گوماندەکرێت ئەوکەسانە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار چووبنە ناوچەکە.
 
لەڕاگەیه‌ندراوێكیشدا دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگه‌یاندووه‌، "كاتژمێر پێنجى پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 9ى 8ى 2024  لەناوچەی قەرەداغ دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی ئاسایشی قەزاكه‌ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش‌و ئارامیی ناوچەکەو چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لەئەرکدابوون، چەند کەسێکی چەکدار بەمەبەستی دەرهێنان‌و بردنی شوێنەواری (نەرامسین) لەناوچە شوێنەوارییەکە بوون، رووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوەو بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی (دوو) کارمەندی ئاسایش".
 
ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران‌و بەدواداچوون‌و لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە".


#باشووری کوردستان