دەنگوباس
محەمەد یونس خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و گەورە سەرمایەداری ناسراوی بەنگلادیش، كرایە سەرۆكی حكومەتی كاتی ئەو وڵاتە، ئەوەش دوای دەستلەكاركێشانەوەو هەڵاتنی شێخە حەسینەی سەرۆك وەزیرانی بەنگلادیش.
محەمەد یونسی تەمەن (83) ساڵ بە یەكێك لە ناودارترین ئابوریناس و كەسایەتیە بانكیەكانی جیهان دادەنرێت، بەوە ناسراوە کە هاوکاری هەژاران دەکات و دامەزرێنەری بانکی "گرامین"ەو, خاوەنی پرۆژەی قەرزی بچووکە لە بەنگلادیش، کە لە ساڵی (2006) دا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، دوای ئەوەی (31) ملیۆن هاووڵاتی بەنگلادیشی هەژار لە پڕۆژەکەی سودمەند بوون.
سەركردەكانی خوێندكارە خۆپیشاندەرەكان و فەرماندەكانی هەر سێ بەشی سوپا لەوڵات و ئەندامانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەگەڵ سەرۆكی بەنگلادیش تا درەنگانێكی شەوی رابردوو لە كۆبونەوەدا بوون، بۆ بڕیاردان لەبارەی پێكهێنانی ئیدارەیەكی كاتی بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات.
رۆژی سێ شەممەی رابردوو محەمەد شەهابەدین، سەرۆكی بەنگلادیش پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە، وەك ئامادەكاریەك بۆ پێكهێنانی حكومەتی راگوزەر.
شێخە حەسینە، كە بۆ ماوەی (15) ساڵ لە لوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بەنگلادیشدا بوو، رۆژی دوو شەممەی رابردوو لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا وڵاتەكەی بەجێهێشت و دەستی لەكاركێشایەوە، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەك لەسەرهەڵدانی خۆپیشاندان و كوژرانی سەدان كەس، كە دژی سیستمی پشكی دامەزراندن لە وەزیفە حكومیەكان سەریهەڵدا.