کوردستان

هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ئاشکرابوو

07/08/2024

دەنگوباس
ئومێد قەرەداغى ڕایگەیاند، لە عێراقدا کێشەی بوونی نەختینەی دینار هەیە و خەزێنەی وەزارەتی دارایی خاڵییە لە دینار، هەر ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمە، دەشڵێت، عێراق خاوەنی زیاتر لە ١٠ ملیۆن مووچە خۆرە.

ئومێد قەرەداغى، شارەزاى ئابورى لەبارەى نەناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە لە نووسینێکدا لە فەیسبوکى خۆى ڕایگەیاند، لە عێراقدا کێشەی بوونی نەختینەی دینار هەیە و خەزێنەی وەزارەتی دارایی خاڵییە لە دینار، هەر ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمە.

دەشڵێت، عێراق خاوەنی کوتلەیەکی نەختینەیی گەورەیە بە دینار، بەڵام بانکی ناوەندی دەڵێت، ڕێژەی لە ٧٠%ـی ئەو کوتلە نەختینەییە لە ماڵەکاندایە، لە دەستی خێزانەکان و ژمارەیەک دەوڵەمەند قەتیس بووە، نەخراوەتە ناو بانکەکانەوە بەم پێیەش نەبووە بە بەشێک لە سیستمی بانکی و جۆڵەی بازاڕ و ئاڵوگۆڕ.

وتوشیەتى، ئەمەش وایکردووە ئەو کوتلە نەختینەییە زەبەلاحە هیچ ڕۆڵێکی نەبێ له جووڵەی ئابووری و گەشەی سیستمی بانکیدا، وەک توانایەکی نەختینەیش نەیەتەوە بەردەستی وەزارەتی دارایی عێراق.

باسى لەوەشکردووە، لەلایەکی دیکەوە، بانکی ناوەندی عێراق ڕۆژانە لە پەنجەرەی فرۆشتنی دراوە بیانییەکانەوە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو، کەمتر لە ١٠%ـی ئەو دۆلارە بەشێوەی نەختینەییە کە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانەوەی دینار، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە و ناتوانێت توانای نەختینەیی پێویست بۆ عێراق دەستەبەر بکات.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، عێراق خاوەنی زیاتر لە ١٠ ملیۆن مووچەخۆرە، شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ١٩% تێچوونی مووچە زیادیکردووە، ڕەنگە تا کۆتایی ئەمساڵ تێچووی مووچە بگاتە ٥٦ ترلیۆن دینار، بەمەش ڕێژەی ٤٤%ـی کۆی خەرجییەکانی حکومەت پێکدێنێت، ئەمەش  وا دەکات بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی خاڵی بێتەوە له دینار و کێشەی نەختینەیی درووست ببێت.

#مووچە