رۆژهەڵاتی ناوەراست

ئه‌مریكا داواكارییه‌كى تایبه‌ت ئاراسته‌ى سوودانى ده‌كات

04/08/2024

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لەسەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، وڵاتەکەی ڕۆڵی هەبێت لەکۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوچەکەو ڕێگریکردن لەپەرەسەندن‌و سوودانیش دەڵێت:"ڕێگریکردن لەپەرەسەندنەکان بەندە بەڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی سەر ‌غەززە".

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر ئەنتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئه‌نجامداو به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران، باس لەدوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەو گرنگی جەختکردنەوە لەئاشتی‌و سەقامگیریی‌و ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی ئەو دۆخەی ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە كراوه‌.

ڕاگەیەندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى تێدا نووسراوه‌، "سوودانی بەوەزیری دەرەوەی ئەمریکای وتووه‌، ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی دۆخی ئێستای ناوچەکەو فراوانبوونی ململانێکان، بەندە بەڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو ڕاگرتنی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ لەهێرشکردنەسەر وڵاتانی ناوچەکەو کۆتاییهێنان پێشلکارییەکانی سەروەری وڵات‌و یاسا نێودەوڵەتییەکان".

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خواستی ئەمریکای دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئەوەی عێراق ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت لەکۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکەو ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی زیاتر لەلایەن لایەنە جیاجیاکانی ئەو ململانێیەو عێراق لەهەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی‌و ئاشتی لەناوچەکە.


#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست