رۆژهەڵاتی ناوەراست

تا ئێستا "دزە گەورەکە"ی پشت دزیی سەدە ئاشکرانەکراوە

04/08/2024

دەنگوباس
ڕۆژنامەیەکی سعودیی ئاشکرایدەکات، ئاڕاستەی لێكۆڵینەوەكان لە دزینی پارەی باجەكانی عێراق كە بەدزی سەدە ناسراوە، بەرەو ئاشكراكردنی کێوێك لە گەندەڵی بێشومار دەڕوات.


ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا گومان لەبارەی ئەو بڕە دزە بەشێوەیەكی بەردەوام ئامادەیی هەیە، لە لێدوانە فەرمی و نافەرمیەكاندا، کە پێیوایە ئەو بڕە پارە دزراوە چەند هێندەی ئەو بڕەبێت كە پێشتر راگەیەندراوە، رەنگە بگاتە نزیكەی (11) تریلیۆن دینار، كە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار دەكات.  

حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەستەی دەستەی نەزاهە لە دواین لێدوانیدا، وردەكاری نوێی لەبارەی دزینی پارەی باجەكان ئاشکراکرد، لە ئاماژەیەكیشدا بۆ ئەوەی كە دەستەكەی نازانێت بڕی تەواوی ئەو پارەیە چەندە كە دزراوە، داوای لە بەڕێوەبەری دەستەی باجەكان كرد لەماوەی (15) رۆژدا، بڕی ئەو پارەیە ئاشكرابكات كە لە ئەماناتی باجەكان دزراوە.

غالب دەعمی، لێكۆڵەر لە بواری روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەڵێت: بڕی خەمڵێندراوی پارەی دزراو رەنگە بگاتە (11) تریلیۆن دیناری عێراقی، زۆرینەی ئەو پارەیەش رەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە.

تائێستا نزیكەی (600) ملیار دیناری گەڕێندراوتەوە، ژمارەی تۆمەتبارە سەرەكیەكان (9) كەسن، لەنێویاندا نور زوهێر، زۆرینەی موڵك و ماڵ و بەرژەوەندیەكانی ئەو كەسانە لە بەغداد دەستی بەسەرداگیراوە، بە ئومێدی فرۆشتنی دوای خەمڵاندنی بەهاكەی و گێڕانەوەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

وەك شەرقولئەوسەت دەڵێت، تۆمەتبارەكان لەبنەمادا كەرەستەی ئەنجامدانی كارەكە بوون، دزە راستەقینەكە تائێستا ئاشكرانەكراوە، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی خۆ دزینەوەی هەیە لەو دزییە، ئەوانە تەنها كارەكەیان پێكراوە كاتێك پارەكەیان دزیوە، بڕێكی كەمیان لەو پارانە پێدراوە.


#عێراق