راپۆرت و چاوپێکەوتن

هەنییە چۆن کوژرا و ڕۆڵی سوپای پاسداران لە کوشتنەکەیدا چی بووە؟

03/08/2024

دەنگوباس
ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بۆ یەکەمجار وردەکاریی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس ئاشکرادەکات، کە لە شاری تاران کوژرا.

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە ڕاپۆرتەکەیدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، مۆساد لەڕێگەی دوو بەكرێگیراوی سوپای پاسدارانەوە هەنییەی كوشتووە، کە پێشتر بۆمبیان لە سێ‌ ژووری میوانخانەكەی هەنیە چاندبوو، بۆمبەکەش لە دوورەوە تەقێندراوەتەوە.

لەبەخاکسپاردنی ڕەئیسی هەوڵی کوشتنی هەنییە دراوە

پێشتر پلانە سەرەکییەکە بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە ئەوەبووە، کە بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەلەسیتنی، لەمانگی ئایاردا بكوژرێت، ئەوەش كاتێك ئامادەی رێورەسمی بە خاكسپاردنی تەرمی ئیبراهیم رەئیسی دەبێت. 

تەلەگراف لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانی بڵاویکردەوە، پرۆسەكە لەوكاتەدا ئەنجامنەدراوە، یەوەش بەهۆی ئەوەی باڵەخانەكە خەڵکێکی زۆری لێبووەو ئەگەری شكستهێنانی پلانەكە گەورە بووە.

دواتر دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی ناسراو بە (مۆساد) كارمەندانی ئەمنیی ئێرانی بەكرێگرتووە، بۆ چاندنی بۆمب لە سێ‌ ژووری جیا، لەو باڵەخانەیەی كە سەرۆكی حەماسی تیادابوو، کارمەندە ئەمنیەکانیش لە ڕیزەکانی پاسداران بوون.

ئەو بەرپرسانە دەڵێن، گرتەی كامێرای چاودێری باڵەخەكەیان لایە، کە  بەكرێگیراوەكان بینراون و بەنهێنی هاتووچۆ دەكەن بۆ ماوەی چەند خولەكێك، لە چەند ژوورێكی باڵەخانەكە.

چارەنووسی بەکرێگیراوەکان چی لێهاتووە؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دەوترێت، لەپاش کوژرانی هەنییە بەكرێگیراوەكان بۆ دەرەوەی ئێران هەڵاتوون، بەڵام بەرپرسان دەڵێن ئەو بەکرێگیراوانە هێشتا لە ئێرانن.

بەرپرسێكی سوپای پاسداران بە تەلەگرافی وتووە، ئەوان ئێستا بەتەواوی دڵنیابوون لەوەی مۆساد بەكرێگیراوی لە یەكەی ئەنساری مەهدی بەكرێگرتووە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو یەكەیەی سوپای پاسدارانی ئێران كە بەرپرسن لە سەلامەتی بەرپرسە باڵاكان.

قائانی داوا دەکات لەسێدارە بدرێت

بەرپرسەكەی سوپای پاسدران رایگەیاندووە، لەئێستادا یارییەک هەیە بۆ ئەوەی ئۆباڵەكەی بخرێتە ئەستۆی سوپای پاسداران، یەكە جیاوازە ئەمنیەكان یەكتر بە شكستخواردوو تۆمەتبار دەكەن.  

دەشڵێت، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، داوای كردووە لەكاربخرێت و دەستگیربكرێت تەنانەت لەسێدارەش بدرێت، بەوپێیەی ئەو پێشێكاریە ئەمنیە هەمووانی سەرشۆڕكردووە.

عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، چەند جارێك سەركردە ئەمنیەكانی بانگهێشتكردووەو داوای وەڵامیان لێدەكات.

یەكێك لە یاریدەدەر نزیكەكانی مەسعود پزشكیان، کە دوای یەك ڕۆژ لە بوونی بە سەرۆك کۆمار هەنیە کوژرا بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: ئەو كەلێنە ئەمنیە رەنگە بە ئەنقەست بووبێت لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ زیان گەیاندن بە ناوبانگی سەرۆكی نوێ‌. هاوکات داوایکردووە پاسداران لەو ڕووەوە ڕوونکردنەوە بدات.
#ئێران
#ئیسرائیل