دەنگوباس
میدیای ئەمریکا ئاشکرایدەکات جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هۆشداری بە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوە کە زیادکردنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوەستێنێت و دەستبەجێ هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس بدات.
بایدن لەو پەیوەندییەدا بە توڕەیی بە نەتەنیاهۆی وتووە "بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بکەوێتە جەنگەوە، ئەوا دەبێت چاوەڕێی یارمەتیی ئەمریکا نەکات".
بە گوێرەی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، جۆ بایدن و بەرپرسانی کابینەکەی، لە کوشتنی فوئاد شوکر، سەرکردەی دیاری سەربازیی حیزبوڵڵا لە بەیرووت و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران "زۆر پەست و توڕەن،" کە هەردووکیان کەمتر لە هەفتەیەک دوای سەردانی نەتەنیاهۆ بۆ کۆشکی سپی کوژران. بە پێی ئەکسیۆس، ئەمریکا پێیوایە هەنییەش لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە.
پێگەکەکە ئاماژە بەوە دەکات، بایدن و کابینەکەی پێیانوایە، نەتەنیاهۆ بێ پرس و راوێژی ئەوان ئەو دوو کەسەی کوشتووە، لە کاتێکدا کە هەفتەیەک پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەکرد، گوێڕایەڵی داواکەی بایدن دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ حەماس بگاتە رێککەوتنێک لەسەر غەززە.
#ئیسرائیل
#ئەمریکا